حللە - بابل
ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەی باژۆ دەچێتە پارێزگای حللە یاخود بابل کە دەکەوێتە سەر ئاوی فورات. لە بەرنامەکەدا چۆنیەتی ژیان، کولتوور و نەریتەکانی ناوچەکە پێشاندەدرێت. شێخێکی ناوچەکە لە بەرنامەکەدا باسی کولتووری قاوە لەنێو عەرەبدا دەکات، کە تەنیا خواردنەوەیەک نییە بەڵکو دەیان و سەدان چیرۆکی تایبەت بە قاوە و خواردنەوەی قاوە لە ناوچەکەدا هەن. باسی چوار جۆری قاوە دەکرێت کە لەنێو عەرەبدا هەن، ئەوانیش بریتین لە هەیف، رەیف، حەیف و سەیف. هەر یەکێک لەم جۆرانە مانا و لێکدانەوەی جیاوازی تایبەت بەخۆی هەیە لەنێو کولتووری عەرەبیدا. هەروەها لە بەرنامەکەدا باسی نەریتی قاوەچی لەنێو عەشیرەتەکانی خوارووی عێراق دەکرێت، کە لە کۆندا قاوەچییەکان کەڕوڵاڵ بوون بۆئەوەی نەتوانن نهێنی کۆبوونەوەکان بگێڕنەوە.
لە بەرنامەکەدا، سەردانی باڵندەیەکی ناوازەی رەنگ سپی بەناوی "تەحا" یاخود "حەوسەڵ" دەکرێت کە توانای فڕینی هەیە بۆ ماوەی پازدە کاژێر بەبێ وەستان. هەروەها سەردانی عەشیرەتی دلێمی دەکرێت کە یەکێکە لە گەورەترین عەشیرەتەکانی عێراق و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ عەشیرەتی گۆران هەیە. بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان مێژووی دلێمی دەگەڕێتەوە بۆ شاری دەیلەم لە ئێران و پاشان دابەشبوونیان بەسەر ناوچەکانی کوردستان، ناوەڕاست و خوارووی عێراق. لە بەرنامەکەدا باسی برنجیش دەکرێت کە لە عێراق پێی دەگوترێت "تمن"، کە دەگوترێت ناوەکەی لە براندێکی برنج بەناوی "تێن مێن" لە ساڵی 1904 وەرگیراوە.
پێشکێشکار: هەڵمەت عومەر
کاتی پەخش: 17:45
دووبارە: 10:45