نەجەف
لەم گەشتەی بەرنامەی باژۆ بۆ شاری نەجەف، دوو شوێنی گرنگی ئەو شارە پێشاندەدرێت. یەکەمیان کێڵگەکانی برنجی مشخابە کە 35 کیلۆمەتر لەشارەکەوە دوورە. ئەم ناوچەیە بە بەرهەمهێنانی برنجی عەنبەر ناسراوە کە بە بۆنی بەهێز و تایبەتی بەنێوبانگە، تەنانەت دەگوترێت بۆنەکەی حەوت کۆڵان دەڕوات و هەرکەسێک بۆنی بکات، بۆنەکەی "شێتی دەکات". برنجی عەنبەر بەباشترین برنجی عێراق دادەنرێت. عێراقییەکان بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، یەکێکن لە زۆرترین بەکارهێنەرانی برنج و، ساڵانە نزیکەی 1.6 ملیۆن تۆن برنج بەکاردەهێنن.
شوێنێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە نەجەف بریتییە لە دۆڵی ئاشتی یاخود وادی سەلام، کە گەورەترین گۆڕستانی جیهانە و لە لیستی کەلەپووری جیهانی یونسکۆدا تۆمار کراوە. ئەم گۆڕستانە زیاتر لە 5 ملیۆن گۆڕی تێدایە و تەمەنی دەگاتە زیاتر لە 1,400 ساڵ. لای شیعەکان شوێنێکی زۆر پیرۆزە و پێیانوایە بەشێکە لە بەهەشت. مێژووی ئەم گۆڕستانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام و بەپێی قسەی خەڵکی ناوچەکە، گۆڕی چەندین پێغەمبەر لەوانە پێغەمبەر ئادەم لەوێیە. گۆڕەکان بە شێوازی جیاواز دروستکراون، هەندێکیان لەژێر زەویدان. لە سەردەمی ساسانییەکانەوە ئەم گۆڕستانە بەکارهاتووە و لە کاتی شەڕەکانی عێراقدا، رۆژانە 200-300 کەس لێرە دەنێژران، بەڵام دوای ساڵی 2000 ژمارەکە کەمبووەتەوە بۆ 100 کەس لە رۆژێکدا. لە کاتی شەڕی داعشدا، سنووری گۆڕستانەکە لە نەجەف تێپەڕی. ساڵانە سەدان هەزار کەس دێنە ئەم گۆڕستانە، بەتایبەتی لە بۆنە ئایینییەکاندا.
پێشکێشکار: هەڵمەت عومەر
کاتی پەخش: 17:45
دووبارە: 10:45