چۆن بتوانین کۆمەڵگەیەک دروست بکەین بۆ هەمووان بێت؟

بەرنامەی ئەمشەوی باوەڕنەما گەنگەشەی پرسی پێکەوەژیان و لێبووردەیی لە کۆمەڵگەی کوردستان دا کرا. لە بەرنامەکەدا هەریەک لە د.محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، د.مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، د.عیماد ستار، دکتۆرا لە سیاسەتی شەرعی، بۆچوونی خۆیان لەسەر مژارەکە خستەڕوو.

لە سەرەتای بەرنامەکە، دەروون گێژەن، پێشکێشکاری بەرنامەکە، بە دەربڕینی نیگەرانی دەستپێدەکات لەوەی کە لە هەندێک لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا، مامەڵە لەگەڵ کەسانی ناموسڵمان بە شێوەیەکی کەمتر رێزدارانە دەکرێت و، دەڵێت: "بەداخەوە لە كوردستان و لە وڵاتە ئیسلامییەكاندا ئەم كولتوورە هەیە. زۆرکات هەركەسێکی ناموسڵمان بێتە نێو ئەم وڵاتەوە، بەجۆرێک لە جۆرەكان بە چاوێكی كەمتر سەیر دەكرێت."

د. محێدین محەممەد خانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە زوو بڕیاردان و توندڕەوی نیشانەی کەمزانینە و پێویستە مرۆڤ کراوە و لێبوردە بێت. ئەو دەڵێت: " ئەگەر بمانەوێت کراوەیی لە کۆمەڵگە دا هەبێت، دەبێت خەڵک جیاوازییەکان قبووڵ بکەن. هەرکەسێک لە زێدێکی دیکەوە دەبێتە میوانمان، دەبێت لەگەڵی بگونجێین". د. خانی ئاماژە بە گرنگی پێکەوەژیان دەکات و دەڵێت:" پێکەوەژیان بۆ مرۆڤ شتێکی سرووشتییە چونکە لاوازترین بوونەوەرە کە درووستکراوە، مرۆڤ ئەگەر پێکەوەژیان نەدەبوو، لەناودەچوو و ئاژەڵەکانی دیکە دەیانخوارد". 

د. مورشید مەعشووق خەزنەوی 6 بنەمای ئیسلامی بۆ پێکەوەژیان دەخاتەڕوو، لەوانە یەکبوونی مرۆڤایەتی، رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ، برایەتی، قبووڵکردنی جیاوازییەکان. ئەو دەڵێت: "کاتێک ئەو هەمەڕەنگییە لە دونیادا هەیە، رێزگرتنیش پێویستە" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی کە ئەم بنەمایانە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا رەچاو ناکرێن و ئاماژە بە مێژووی ئیسلام دەکات و دەڵێت:" لە مێژووی ئیسلامدا، هەم پێکەوەژیان و قبووڵکردنی تێدابووە، هەم قبووڵنەکردنیشی تێدابووە. بۆ نمونە جزیە لەو موسوڵمانانەی کە عەرەب نەبوون وەرگیراوە". 

د. عیماد ستار پێیوایە بە پێچەوانەوە کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی میواندۆستە و رۆحی ئیسلامەتی تێیدا بەرجەستە بووە. د.عیماد ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لە بیانییەکان حەزدەکەن لە کوردستان بژین، چونکە وەکو مرۆڤ رێزیان لێدەگیرێت. هەروەها دەڵێت: " ئێمەی کورد خەڵکێکی شارستانین لە بابەتی رێز لە جیاوازییەکان و لە رۆحی کۆمەڵگەی کوردیدا پێکەوەژیان هەیە و، رەگەز و نەتەوە و زمان لە کۆمەڵگەی کوردیدا قبووڵکراوە". هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتی پێکەوەژیان ئەوەندەی کە پرسێکی سیاسییە، دینی نییە.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، گفتوگۆکان دەچنە قۆناخێکی دیکەوە و، د. خەزنەوی رەخنە لە گەشبینییەکانی د. عیماد ستار دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە مێژووی موسڵمانان تەنیا ژیانی پێکەوەیی نەبووە، بەڵکو رووداوی تاڵیشی تێدابووە. د.عیماد ستار لە وەڵامدا جەخت دەکاتە سەرئەوەی کە نابێت رابردوو ببێتە بەربەست لە بەردەم پێکەوەژیانی ئاشتیانە و، برایەتیی نێوان موسڵمانان کلیلی سەرکەوتنە.