ئایین و زانست دژیەکن یاخود یەکدی تەواو دەکەن؟

ئایین و زانست دژیەکن یاخود یەکدی تەواو دەکەن؟

لە باوەڕنەمای ئەمجارە، دەروون گێژەن و میوانەکانی، هەریەک لە دکتۆر محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، دکتۆر مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و دکتۆر خالید عومەر، دکتۆرا لە بواری فەرموودەناسی، گەنگەشەی پەیوەندی نێوان ئایین و زانست دەکەن.

دەروون گێژەن بەرنامەکە بە دەستنیشانکردنی بۆشاییەک لەنێوان زانست و ئایین دەستپێدەکات و دەپرسێت "بۆچی سەرەڕای پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆجیا، بۆ دیاریکردنی رۆژی جەژن هێشتا پێویستە چوار پیاو و چوار مامۆستای ئایینی بچنە پشتی شاخێکەوە و لە سووچی بەردێکەوە سەیری مانگ بکەن" و گوتی: "ئەی زانست لە کوێی ئەم شتەدایە؟"

دکتۆر مورشید مەعشووق خەزنەوی باس لەوە دەکات کە ناکۆکی لەنێوان زانست و ئایین شتێکی نوێ نییە، بەڵکو پێش ئیسلامیش هەبووە و کەنیسەکانیش دژایەتی زانستیان کردووە و دەڵیت: "زۆرکەس وابیردەکاتەوە کە قورئان کتێبێکی زانستییە، بەڵام قورئانی پیرۆز کتێبی هیدایەتە نەک زانستی". هەروەها ئاماژەی کرد بە جیاوازی بیروڕای زانایان لە مێژووی ئیسلامدا و گوتی: "لە مێژووی ئیسلامدا چەند دیدگە لەم بارەیەوە هەن، بەشێکیان دەڵین کە زانست و ئایین تەواوکەری یەکدین، دیدگەی دووەم، وەکو ئەبووبەکری رازی پێیوایە کە زانست و ئایین دژ بە یەکدین، دیدگەی سێیەم کە ئیمامی غەزالی پێشنیازی کردووە پێیوایە زانست و ئایین هەریەکەیان مەیدانی جیاوازیان هەیە؛ زانست خزمەت دەکات لە بواری ماددیدا لە کاتێکدا ئایین دەتوانێت لە شتە رۆحییەکان و غەیبییەکاندا خزمەت بکات.'' هەروەها ئاماژە بەوە دەکات: " من زۆرتر هاوڕای ئیمامی غەزالیم کە زانست و ئایین هەرکامیان مەیدانی جیاوازیان هەیە".

دکتۆر محێدین محەممەد خانی باس لەوە دەکات کە عەرەب پێش ئیسلام دەیانزانی مانگەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئیسلام سیستەمێکی جیاوازی پیادە کرد. دکتۆر خانی باسی دوو سیستەمی زانست و فەلسەفە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە هەردووکیان بەدوای راستیدا دەگەڕێن و دەڵێت:" زانست ئەوەیە کە دەتوانێت شتەکان بپێوێت، لێکۆڵینەوە بۆ شتەکان بکات، کاتێک زانست ببێت، بژارەت زۆر دەبێت. بەڵام فەلسەفە لەسەر مێتافیزیک قسەدەکات و دوو پرسیار دەکات: بۆ ئەم شتە هەیە؟ چۆن هەیە؟" هەروەها محەممەد خانی  پرسیارێکی گرنگ دەکات: "ئایا زانست و ئایین ئامانجەکانیان جیاوازە ؟" لە وڵامدا دەڵێت:" ئێمە ئەم دوو بوارەمان لەیەک جیا کردووەتەوە و ئامانجی هەردووکیان دۆزینەوەی راستییەکانە، چونکە هەرکات زانست شتێک دەدۆزێتەوە، ئایین کەڵکی لێ وەردەگرێت و دەڵێت ئەم شتە زۆر باشە". دکتۆر محەممەد خانی پێیوایە قورئان کتێبی ئامانج، ئەخلاق و ئادابە، کتێبی سەلماندنی زانستی نییە.

دکتۆر خالید عومەر، هەڵگری دکتۆرا لە بواری فەرموودەناسی لەوبارەیەوە دەڵیت " ئەگەر بە دڵنیاییەوە ئامرازێک بە زانستی پێشکەوتوو بیبینیت و متمانەی پێنەکەیت، شتێکی زۆر هەڵەیە.'' هەروەها دەڵێت: ''هەندێک خەڵک پێیوایە جیاوازییەک لە نێوان ئایین و زانست هەیە بەڵام هیچ جیاوازییەک و دژایەتییەک نابینم لە نێوانیاندا". دکتۆر خالید عومەر جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە قورئان "ئایاتی زانستی تێدایە" و جیاوازییەک نییە لە نێوان زانست و قورئان یان فەرموودە، بەڵکو هەموویان پێکەوە دەگونجێن.

لە کۆتاییدا، دەروون گێژەن پێشنیاز دەکات کە کاتی ئەوە هاتووە وەزارەتی ئەوقاف بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە پسپۆڕانی بواری جیۆلۆجیا و فەلەکناسی کەڵک وەربگرێت، تاوەکو بتوانێت بەشێوەیەکی دروست رۆژی جەژن دیاری بکات، بۆ ئەوەی خەڵک لە دوودڵی و دڵەڕاوکێ رزگار بکات.