تووندوتیژی دژ بە پیاوان لە کۆمەڵگەی کوردیدا

تووندوتیژی دژ بە پیاوان لە کۆمەڵگەی کوردیدا

بەرنامەی باوەڕنما، بە بەشداریی د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و، د. خالید عومەر، دکتۆرا لە بواری فەرموودەناسی، پێشکێشکرا. بەرنامەکە باسی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان لە کوردستان دەکات، دیاردەیەک کە بەپێی بۆچوونی میوانانی بەرنامەکە کەمتر باسدەکرێت.

پێشکێشکار دەروون گێژەن لە دەستپێکدا باسی کرد کە تاوەکو ئێستا زۆر باسی توندوتیژی بەرامبەر ژنان کراوە، بەڵام کەمتر باسی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان دەکرێت. 

د. محێدین محەممەد خانی باسی جۆرەکانی توندوتیژی کرد کە بەرامبەر پیاوان دەکرێن، لەوانە توندوتیژی دەروونی، توندوتیژی ئابووری، توندوتیژی عاتیفی، توندوتیژی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی جنسی. ئەو گوتی: "برینی چەقۆ و شمشێر چاکدەبێتەوە، برینی زمان  چاکنابێتەوە." هەروەها روونی کردەوە کە "توندوتیژی ئەوەیە کە رەفتارێك چ فیزیكی یاخود نافیزیكی کەسێک بێدەنگ بکات، یاخود ئازاری بدات".

د. مورشید مەعشووق خەزنەوی جەختی لەسەر بابەتی پەیوەندی هاوژینی و مافەکانی ژن و پیاو لە ئیسلامدا کردەوە. ئەو گوتی کە لە ئیسلامدا پیاو و ژن هەردووکیان مافیان هەیە و نابێت یەکدی بێبەش بکەن. دکتۆر خەزنەوی باسی فەرموودەی پێغەمبەری کرد کە دەڵێ: "إِذَا دَعَا الرَّجُلُ امْرَأَتَهُ إِلَى فِرَاشِهِ فَبَاتَتْ غَضْبَانَ لَعَنَتْهَا الْمَلَائِكَةُ حَتَّى تُصْبِحَ" واتە ئەگەر پیاوێک ژنەکەی بانگ کرد بۆ ناو جێگەکەی و، ژنەکە تووڕە بوو، فریشتەکان تاوەکو بەیانی نەفرەتی لێ دەکەن. هەروەها روونی کردەوە کە هەمان شت بۆ پیاوانیش راستە ئەگەر خێزانەکەیان بێبەش بکەن.

د. خالید عومەر باسی لە ئاماری توندوتیژی بەرامبەر پیاوان کرد کە لەساڵی 2024، لەسەتا 60 زیاترە. ئەو هەروەها باسی لەوە کرد کە زۆرجار پیاوان شەرم دەکەن باسی ئەو توندوتیژییانە بکەن کە رووبەڕوویان دەبێتەوە.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، د. محەممەد خانی باسی لە گرنگی گفتوگۆ ر ڕێزگرتن لە نێوان ژن و پیاودا کرد. ئەو گوتی: "کاتێک گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن نەما، توندوتیژی دەستپێدەكات." ئەو ئامۆژگاری کرد کە پێویستە پێداویستییەکانی یەکتری بەرچاو بگرن، رێز و ئەدەب لە نێوانیاندا هەبێت و، مافەکانی یەکتری بپارێزن.