رووداو دیجیتاڵ
پڕۆفیسۆر د. ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی پەکەکە خرایە زیندانەوە.
ئەحمەد ئۆزەر، کوردە و سەر بە جەهەپەیە، بەیانی رۆژی چوارشەممە، 30ـی تیشرینی یەکەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر کرا و ئێوارەی هەمان رۆژ بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت دەستگیرکراوە، بەو هۆیەوە کاژێر 16:00ـی رۆژی پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، لەبەردەم شارەوانیی ئەسەنیورت گردبوونەوە دەکەن. ئۆزەل داوای لە هاووڵاتیان کرد بەشداری لە گربوونەوەکەدا بکەن.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، بەهۆی دەستبەسەرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت و دەنگۆی دانانی قەیووم، تولای هاتیمۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لەگەڵ پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی پارتەکە رۆژی پێنجشەممە لە ئیستەنبووڵ دەبن.
دەم پارتی لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "دەستبەسەرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت و دەنگۆی دانانی قەیووم بۆ شارەوانیی ئەسەنیورت، کودەتایەکی روونە دژی ئیرادەی گەل. ئەم هەڵوێستە دیموکراسی و ئیرادەی ناوخۆیی پشتگوێ دەخات. بەرامبەر ئەو کودەتا سیاسییە بێدەنگ نابین".
ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە رۆژی چوارشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2024 سەبارەت بە رووداوەکە گوتی: "هێزە ئەمنییەکان دەرگای بینای شارەوانی ئەسەنیورتیان بە زۆر کردووەتەوە و چوونەتە ژووری فەرمی. ئێمەش هەوڵدەدەین لەوە تێبگەین کە چی روویداوە. بە بڕوای ئێمە ئەمانە هەمووی ئۆپەراسیۆنن. پەرلەمانتارەکانمان و یاریدەدەرانی سەرۆکەکەمان ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشن".
دوای دەستبەسەرکردنی سەرۆکی شارەوانییەکەیان، گۆکهان گونایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "دەزانین کێ شەڕی تیرۆر دەکات و کێ هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدات".
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ئەحمەد ئۆزەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە دەستبەسەر کراوە.
لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا ماڵی ئەحمەد ئۆزەر و سەرۆکایەتی شارەوانی ئەسەنیورت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکنراوە.
داواکاری گشتی بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەحمەد ئۆزەر لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ رەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل قسەی کردووە.
پڕۆفیسۆر. د. ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت خەڵکی پارێزگای وان ـی باکووری کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ