رووداو دیجیتاڵ
لە باکووری کوردستان و تورکیا هەر قوتابییەک لە وانەی زمانی تورکی 70 نمرە نەهێنێت، بە کەوتوو هەژمار دەکرێت. هاوسەرۆکی لقی ئامەد-ی سەندیکای پەروەردە رەخنە لەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: "ئەم سیستمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەرکەوتن و پرۆسەی خوێندنی منداڵەکانمان دەبێت کە زمانی زگماکییان تورکی نییە، هەروەها پاکتاوکردن قووڵتر دەبێتەوە."
پەیڕەوی نمرەی دەرنەچوون (مانەوە لە پۆل) لە 14ی تشرینی یەکەمی 2023دا لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە، بەمەش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئەو پەیڕەوە نوێیەی بڵاوکراوەتەوە، نمرەکانی وانەی زمانی تورکی رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە دەرچوونی قوتابی لە پۆل.
ئەو خوێندکارەی لە وانەی زمانی تورکی لە تێکڕای تاقیکردنەوەی ساڵانەدا، ئەگەر لەسەر 100 نمرە، کەمتر لە 70 بهێنێت، ئەوا بە کەوتوو هەژمار دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو بڕیارەی لە پەیڕەوی پەروەردەی پێش قوتابخانە و دامەزراوەکانی پەروەردەی بنەڕەتیدا هەیە، نمرەی پەسندکراو بۆ دەرچوون لە وانەکانی دیکە کە 45 نمرە بوو، بۆ 50 نمرە بەرزکراوەتەوە.
زولکوف گونەش، هاوسەرۆکی لقی ئامەد-ی سەندیکای پەروەردە رەخنە لەو بڕیارە دەگرێت و دەڵێت، "ئەم سیستمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەرکەوتن و پرۆسەی خوێندنی منداڵەکانمان دەبێت کە زمانی زگماکییان تورکی نییە، هەروەها پاکتاوکردن قووڵتر دەبێتەوە".
زولکوف گونەش دەڵێت، ئەم بڕیارە ملیۆنان قوتابی، کە زمانی زگماکیان تورکی نییە، لە هەلی سوودمەندبوونیان بێبەش دەکات.
گونەش رەخنەی لە یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا گرت و گوتی: "ئەوان بە ئەجێندای دەستکردی وەک وانەی هەڵبژاردە، یەکپۆشی دیاری، نمرەی دەرچوون و کاتی پشوو، دەیانەوێت هەموو کێشەکانی فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە بشارنەوە، کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەم ساڵ ئاڵۆزتر بووە".
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمی خوێندنە. منداڵانی کورد بۆیان نییە بە زمانی دایک بخوێنن. هەرچەندە لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژارە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بەفەرمیش نەبێت، بە کردەیی راگیراوە."
هەر قوتابییەک مافی هەیە تەنیا یەک وانەی بژارە هەڵبژێرێت. بۆ نموونە، ئەگەر قوتابییەک وانەی ئایینی هەڵبژارد، ناتوانێت وانەی زمانی کوردی بخوێنێت. بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژارە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە.
لە باکووری کوردستان لە ساڵی 2011 دا بەشی خوێندنی زمان و کولتووری کوردی لە زانکۆی ئارتوکڵوی مێردین کرایەوە، دواتر هەمان بەش لە زانکۆکانی ئامەد، چەولیگ، مووش و وان کرانەوە.
دانەمەزراندنی دەرچووانی ئەو بەشانە یەکێکە لە کۆسپەکانی بەردەم هەڵبژاردنی زمانی کوردی. بەهۆی نەبوونی مامۆستا زۆرجار قوتابیان ناچار لە جیاتی زمانی کوردی، وانەیەکی دیکە هەڵبژێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ