ئەردۆغان: گومەزی پۆڵایینمان دەبێت

30-10-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا جەخت لە بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی دوورمەودای وڵاتەکەی دەکاتەوە و دەڵێت، گومەزی پۆڵایینیان دەبێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29ی تشرینی یەکەم لە بارەگای دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
ئەردۆغان گوتی، تورکیا لە ساڵانی رابردوودا پێشکەوتنی گەورەی لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا بەدەستهێناوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا تورکیا لە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕکەواندا پێشەنگی جیهانە، "ئێمە بە جیاوازییەکی زۆر گەورەترین دروستکەری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانین لە جیهاندا. لە ساڵی 2018وە 65%ی فرۆشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جەنگی لە سەرانسەری جیهاندا لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە دروستکراون، لەنێویاندا دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی."
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی هەوڵ دەدات زوو ببێتە خاوەنی سیستمی دژە مووشەکی و ئەو سیستمەشی بە (گومەزی پۆڵایین) ناوبرد.
 
ئەردۆغان لەو بارەیەوە گوتی، "ئێستا روونە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئاسایشمان گرنگە. ئەگەر ئەوان (ئیسرائیل) گومەزی ئاسنینیان هەیە، ئێمەش گومەزی پۆڵایینمان دەبێت. ئێمە سەیری ئەوان ناکەین و بڵێین: بۆچی ئەمەمان نییە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، توانای مووشەکە دوورهاوێژەکانیشیان پەرەپێدەدەن و گوتی، "پشوو نادەن" تاوەکو لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا سەربەخۆیی بەدەستدەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.