رووداو دیجیتاڵ
کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە. کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و جەنگی غەززە لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت.
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بە ئامادەبوونی تەواوی وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانە لە ئەنقەرە بکات.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی قۆناخی دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، نزیکبوونەوەی ساڵێک بەسەر جەنگی غەززە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامی بەشداریکردنی ئەردۆغان و شاندی باڵای حکومەتی تورکیا لە 79یەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەکرێت.
پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دەستپێکردنی وەرزی نوێی پەرلەمانی تورکیا، لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024 بۆ پێشکێشکردنی پڕۆژەیاسای نوێ و بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆژەیاسایانەی پێشتر پێشکێش کرابوون. هەروەها هەموارکردنی چەند بڕگەیەکی تایبەت بە یاسای سزاکانی تورکیا.
هەروەها پرسی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان، کە حکومەتی تورکیا کار دەکات بۆ ئەوەی لە کۆتایی ساڵدا بۆ رێژەی 40٪ کەمی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ