رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەدانێكی دوو رۆژە دەچێتە رووسیا و لە مۆسکۆی پایتەخت لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ مۆسکۆ راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە چوارچێوەی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ رووسیا، هاکان فیدان لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبن.
هەر ئەمڕۆ ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە رۆژانی 31ـی ئاب و 1ـی ئەیلوول لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رووسیا کۆدەبنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت فیدان و لاڤرۆڤ لەبارەی گەڕانەوەی رووسیا بۆ رێککەوتنی دانەوێڵە گفتوگۆ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی رووسیا بکات و لەگەڵ ڤلادێمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رۆژی دووشەممە 28ـی ئابی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە شاری سۆچی بەڕێوەدەچێت کە دەکەوێتە کەنارەکانی دەریای رەشی رووسیا.
چەلیک هیچ زانیارییەکی لەبارەی وادەی کۆبوونەوەکە نەدا و ئاماژەی بەوەدا، تورکیا هیوادارە لە رێگەی دانوستاندنەوە رێگری لە "نزیکبوونەوەی قەیرانی خۆراک" بکات.
دیمیتری پەسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کریملین ـیش لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، بەچڕی ئامادەکاری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ