رووداو دیجیتاڵ
لەیلا زانا، خانمە سیاسەتڤانی باکووری کوردستان و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا بە تۆمەتی "وەرگرتنی خەڵات لە دەوڵەتانی دوژمن" لە حەوتی ئەیلوولی ئەمساڵ دادگایی دەکرێت.
لەو سکاڵا یاساییەی کە لە 27ـەمین دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە لە دژی لەیلا زانا ئامادەکراوە، ئەو گوتارانەی کاتێک ئەندامی پەرلەمان بوو پێشکەشی کردووە بە "پڕوپاگەندەی رێکخراوی تیرۆریستی" هەژمارکراون، هەروەها ئەو خەڵاتانەی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەریگرتوون بەپێی مادەی 1/325 یاسای سزای تورکیا بە "تاوان" دانراون.
ئیبراهیم چەلیکئەر، پارێزەری لەیلا زانا لە لێداونیکدا رایگەیاند: "تورکیا لەگەڵ کام وڵات لە شەڕدایە؟ ئێمە ئەمە نازانین. کام خەڵات کە لەیلا زانا وەریگرتووە دەکرێت سەرچاوەی تاوان بێت؟ تورکیا شەڕی لەگەڵ کام وڵات راگەیاندووە؟ ئەمانە پێویستییان بە روونکردنەوە هەیە. ئەو خەڵاتانەی جێگەی باسن لە بابەتی مافی مرۆڤدا لە وڵاتانی ئەوروپا و لە ئەمریکا پێی بەخشراون".
لەیلا زانا لە ساڵی 1994 خەڵاتی تۆرۆلف رافتۆی لە بواری مافی مرۆڤ وەرگرت. هەروەها بەهۆی خەبات لەپێناو ئاشتی و مافەکانی گەلان، ساڵی 1995 لەلایەن ئەنجومەنی ئەوروپاوە خەڵاتی ساخارۆڤی ئازادیی رادەربڕینی پێبەخشرا. لەیلا زانا هەمان ساڵ خەڵاتی ئاشتی ئاخن و خەڵاتی برۆنۆ کرێسکی پێبەخشرا، لە ساڵی 1998ـدا مەدالیای ئازادی لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئەمریکا وەرگرت.
لەیلا زانا لە ساڵی 2004 لەلایەن بێرتراند دیلانۆ سەرۆکی شارەوانی پاریسەوە میدالیای زیوی شاری پاریسی پێبەخشرا، هەروەها لەلایەن شارەکانی پاریس لە فەرەنسا و جنێڤ لە سویسرا بە "هاووڵاتی فەخری" هەڵبژێردرا. زانا لە ساڵی 2010 میدالیا مەلا مستەفا بارزانی وەرگرتووە و چەندین خەڵاتیشێ لەلایەن لدامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێبەخشراوە.
ئیبراهیم چەلیکئەر رایگەیاند، لە سکاڵانامەکەدا بەشداریکردنی لەیلا زانا لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی ئۆرهان دۆغان پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکرات-دەپ و ڤەدات ئایدن سەرۆکی رێکخستنەکانی ئامەدی پارتی رەنجی گەل-هەپ کە ساڵی 1991 کوژرا، وەک تاوان نیشاندراوە.
لەیلا زانا لە سێی ئایاری 1961 لە شارۆچکەی فارقین سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. ساڵی 1991 یەکەمین ژنە کورد بوو توانی ببێتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا. لە خولەکانی 19 ، 24، 25 و 26ی پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانتار بوو.
ساڵی 1991 لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی پەرلەماندا، لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکەی کورد بە زمانی کوردی سوێندیان خوارد. دواتر هەر یەک لە لەیلا زانا، ئۆرھان دۆغان، سەلیم ساداک و خەتیب دیجلە بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادران، زوبێر ئایدار و یەشار کایا-ش تورکیایان بەجێهێشت. لەیلا زانا دوای 10ساڵ مانەوە لە زیندان، لە 2004 ئازاد کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ