رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین، ئەمڕۆ هەینی 30ـی حوزەیرانی 2023 رایگەیاند، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان 101 ژن کوژراون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2022 لە تورکیا و باکووری کوردستان 79 ژن کوژرابوون، بەڵام لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا ئەم ژمارەیە بۆ 101 ژن زیادیکردووە.
فیدان ئاتاسەلیم، سکرتێری گشتی پلاتفۆرمی تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین رایگەیاند، دوای کشانەوەی تورکیا لە پەیماننامەی ئیستەنبووڵ کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، مردنی گوماناوی ژنان لەو وڵاتەدا زیادیکردووە و دەڵێت، "لەگەڵ ئەو ژنانەی لە بەرزاییەکانەوە دەکەونە خوارەوە و دەمرن، پیاوێکیش هەیە. دەیانەوێت ئەم مردنانە وەک خۆکوشتن یان رووداو نیشان بدەن. پێویستە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکرێت و ڕووداوەکان روون بکرێتەوە."
پلاتفۆرمی تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین لە مانگی ئایاری ئەمساڵ رایگەیاند، تەنیا لەو مانگەدا 40 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 22 ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
پەیماننامەی ئیستەنبووڵ بۆ رێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە 11ی ئایاری 2011 لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا واژۆ کرا. هەمان ساڵ لەلایەن کۆنسەی ئەوروپا پەسندکرا و لە 1ی ئابی 2014 بە رەزامەندی 10 وڵات کاراکرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەلایەن پەرلەمانی 34 وڵاتی ئەندام لە کۆنسەی ئەوروپا پەسندکراوە. 11 وڵات واژۆیان لەسەر پەیماننامەکە کرد، بەڵام هێشتا پەسندیان نەکردووە.
دوای تێپەربوونی 10 ساڵ تورکیا لە پەیماننامەکە چووە دەرەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو بە پاساوی ئەوەی رەوایی بە هاوڕەگەزخوازی دەدات و "شیرازەی کۆمەڵگە تێکدەدات"، هەوڵی کشانەوەی لە پەیماننامەکە دەدا.
رۆژی 20ی ئاداری 2021 و بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار، بڕیاری کشانەوەی تورکیا لە پەیماننامەی ئیستەنبووڵ لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە.
هەرچەندە سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بە کشانەوەیان لە پەیماننامەی ئیستەنبووڵ بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر تووندوتیژی دژی ژنان کۆتایی نایەت، بەڵام ئەمە نیگەرانی دامەزراوە و رێکخراوەکانی ژنانی نەڕەواندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ