رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە بانگەشەی ئەوە دەکات تورکیا کێشەی کوردی نییە و پێیوایە ژن و ژنخوازی چارەسەری لێک دوورکەوتنەوەی نێوان تورک و کورد دەکات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتی، "تورکیا کێشەی کوردی نییە، کێشەی جوداخوازی و تیرۆری هەیە."
باخچەلی دەڵێ، پارتەکەی لە چوارچێوەی پێناسەی "نەتەوەی تورک"دا هەموو کەسێک کە لە تورکیا دەژی، لە باوەش دەگرێت، دەشڵێت، "ئەوانەی کەلێن لەنێوان تورک و کورد، عەلەوی و سوننە دروست دەکەن، خیانەتکارترینی خیانەتکارانن."
سەرۆکی مەهەپە پێیوایە هەر کەسێک کە بە رەگەزنامەوە بەستراوەتەوە بە کۆماری تورکیا، بەبێ گوێدانە رەچەڵەک، زمان، ئایین و مەزهەب، برای رەسەنی خۆیەتی و توخمی سەرەکیی میللەتە، "تورکیا کێشەی کوردی نییە، لە بەرامبەر ئەوەدا کێشەیەکی زۆر مەترسیداری جوداخوازی و تیرۆری هەیە."
باخچەلی نموونەی ئەو خێزانانەی هێنایەوە کە لە تورکیا دایک یان باوکیان تورکە و گوتی، "هەموو منداڵەکانیان رۆڵەی راستەقینەی میللەتی تورکن" و "بە ژن و ژنخوازی چارەسەری لێک دوورکەوتنەوەی تورک و کورد دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ