ئەردۆغان: رێگەنادەین بە ناوی ئازادییەوە مۆدێلێکی وەکو LGBT بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن

30-03-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن رەجەب تەییب ئەردۆغان LGBT
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی (LGBT)، کە لە تورکیا بە لەگەبەتە ناسراون و، جەختیکردەوە لەوەی ئەوان رێگە بەو شێوازە ژیانە نادەن، کە هەوڵدەدرێت بە ناوی ئازادییەوە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێندرێت.
 
لەبارەی هەڵوێستی پارتەکەیان لە بابەتی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە یان 'لەگەبەتە' سەرۆککۆماری تورکیا شەوی چوارشەممە، 29-3-2023 لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا رەخنەی لە شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن گرت بەوەی پشتگیریی ئەو گرووپانە دەکەن. سەرۆککۆماری تورکیا  (LGBT)ی بە "قومار" ناوبرد و بە پێویستی زانی هیچ کەسێک نەکەوێتە نێو ئەو یارییە. هەروەها گوتی: "ئێمە لەم بابەتەدا گوێ بەوە نادەین ئاخۆ کێ چی دەڵێ. پاراستنی شیرازەی خێزان لای ئێمە کاری لەپێشینەیە. تاوەکو ئەمڕۆش بە روونترین شێوە داکۆکیمان لەم بابەتە کردووە، بە هەمواری دەستووریشەوە".
 
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، کە لەم بابەتەدا سازش ناکات و پێداگرە، گوتیشی: "ئێمە ناتوانین رەزامەندی نیشان بدەین بۆ ئەوەی لە ژێر ناوی ئازادییەوە ژیانێکی بێ ئابڕووانە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێندرێت. تا دوایین سات رووبەڕووی ئەو شەپۆلە بێ ئابڕووانە دەبینەوە کە دژی بەها هاوبەشەکانی مرۆڤن. ئەمە ئەرکی هەموو مرۆڤێکە".
 
لەگەڵ بابەتی (LGBT) ئەردۆغان هاوکات جەختی لەسەر داکۆکیکردن لە مافی ژنان کردەوە و گوتی، رێگە نادەن مافی ژنان بخورێت و ستەمیان لێ بکرێت. رەخنەشی لە بەشێکی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن گرت و ئاماژەیکرد ئەوان لە ژێر ئەم ناوە ئامانجی دیکەیان هەیە. 
 
هەروەها هاوپەیمانیی شەش قۆڵی کە بە هاوپەیمانیی میللەت دەناسرێت، بە مێزی پەلکەزێڕینە ناوبرد و رایگەیاند "رێگە بە دامەزراندنی مێزی پەلکەزێڕینە لە ژێر ناوی (LGBT) یان هەر ناوێکی دیکە نادەین". 
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا گرووپەکانی (LGBT) وەکو هێزێکی سیاسیش دەردەکەون و ناڕەزایی دژی دەسەڵات نیشاندەدەن. کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە یان (LGBT) یان (لەگەبەتە) دەستەواژەیەکە گوزارشت لە کەسانی ھاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزخواز، ترانسجێندەر، ھەمەڕەگەزخواز و چەند جۆرێکی دیکەی هاوشێوەیان دەکات.
 
ئەو گرووپە لە ساڵانی 1990 بە کورتکراوەی (LGB) دەرکەوتن و شوێنی وشەی (gay)یان بەم کورتکراوانە پڕکردەوە. ئەو گرووپە لە زۆر وڵاتدا کاریگەرییان هەیە. ئەوان داوا دەکەن گوێیان بۆ بگیرێت و ماف و رۆڵیان پێبدرێت. ئەمە لەکاتێکدایە داواکارییەکانی ئەوان لەگەڵ ئایینە ئاسمانی و نەریتی هەندێک کۆمەڵگەدا ناگونجێت.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە