رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری میت و ئاسایشی تورکیا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە نۆ پارێزگا بەڕێوەچوو، 32 ئەندام و بەرپرسی داعش دەستگیرکران، کە بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، پلانیان هەبوو لە سەری ساڵدا هێرش بکەنە سەر پەرستگەی جووەکان، کەنیسەی مەسیحییەکان و باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە.
میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستیان کەوتوون، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 29ـی کانوونی یەکەمی 2023، کراوە و میت پشتڕاستی کردووەتەوە کە 'مجبەل ئەلشوەیحی' ناسراو بە 'ئەبو یەقین ئەلعێراقی'، بەرپرسی هەواڵگریی داعش لە تورکیا و محەممەد خیلاف ئیبراهیم ناسراو بە 'ئەبو لەیس' دەیانویست هێرش بکەنە سەر ژمارەیەک پەرستگەی ئایینە جیاوازەکان، هەروەها عەبدوڵڵا ئەلجومەیلی ناسراو بە 'ئەیهەب عەلانی' دەیویست هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو سێ بەرپرسەی داعش و 29 ئەندامی دیکەی ئەو رێکخراوە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراون.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی دیجیتاڵی تۆمەتبارەکاندا گیراوە.
پێشتر، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە پارێزگای یۆزگات بەڕێوەچوو، پێنج هاووڵاتیی عێراقییان بە تۆمەتی ئەندامیێتی داعش دەستگیرکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی یۆزگات دەستیپێکرد، دوای ئەوەی بە تۆمەتی ئەندامیێتیی داعش فەرمانی گرتنی بۆ پێنج هاووڵاتیی عێراقی دەرکرد.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تیمەکانی سەربە فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگا، هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشان و پێنج کەسە داواکراوەکەیان دەستگیرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ