رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆری "گازی سروشتی" لە دەروازەی باڵەخانەیەکدا، ئاگر کەوتەوە و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە کاژێر 07:10 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئەیلوولی 2023 لە یەکێک لە باڵەخانەکانی گەڕەکی "کوچوک کایاش" لە شارۆچکەی "ماماک" ـی ئەنقەرە روویدا و ژنێکی تەمەن 68 ساڵ بە ناوی فاتمە کۆسە گیانی لەدەستدا.
بەیانی زوو دوای ئەوەی دەنگی تەقینەوە هات، تیمەکانی پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و لە دەوروبەری شوێنی رووداوەکە رێوشوێنی ئەمنییان گرتەبەر.
پارێزگای ئەنقەرە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "یەکێک لە هاووڵاتیانمان لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەی کە لە نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی لە گەڕەکی کوچوک کایاش لە شارۆچکەی مامک روویدا گیانی لەدەستداوە."
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکەش، پارێزگای ئەنقەرە دەڵێت بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەقینەوەکە بە هۆکاری گازی سروشتی روویداوە و بەهۆی کاریگەری تەقینەوەکە بیناکانی دەوروبەر زیانیان بەرکەوتووە.
تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە، کە پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2023 لە گەڕەکی شیرین ئەڤلەر لە ئیستەنبووڵ روویدا، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ