رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕینی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ ئەم هەفتەیە سەردانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکات.
نوعمان کورتوڵموش، رۆژی سێشەممە، 30ـی نیسان بە کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت پرسی دەستووری نوێ هەروەها یەکێک بێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەم هەفتەیەدا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، دەتوانن پێشنیارێک بگەیەننە ئۆزەل بۆ ئەوەی تورکیا "دەستوورێکی داهێنەرانە و ئازادیخوانەی" هەبێت.
محەممەد ئوچووم، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆمار و بریکاری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، سیستەمی سەرۆکایەتی بە دەستکەوتی بنەڕەتی ئیرادەی گەل وەسف کردووە و دەڵێ "درێژەدان بە رێسای 50+1 پێویستی دەستکەوتەکانی خەباتی گەلە بۆ دیموکراسی."
رێسای 50+1٪ لە هەڵبژاردنەکاندا بە واتای 50٪ ـی دەنگەکان کۆ یەک. ئەم مۆدێلە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لەلایەن خەڵکەوە خرابووە بواری جێبەجێکردنەوە.
محەممەد ئوچووم رۆژی یەکشەممە 28ـی نیسان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سێ مادەی یەکەمی دەستووری بە "دەستلێبەرنەدراو" وەسف کردووە ئاماژەی بەوەداوە کە کۆماری تورکیا دەوڵەتێكی دیموکراسی عەلمانییە کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و مافی مرۆڤ بە سەرکردایەتی ئەتاتورک دامەزراوە، زمانی فەرمیی تورکییە، ئاڵاکەی سوورە بە هیلال و ئەستێرەکان، سروودەکەی سروودی نیشتمانییە و پایتەختەکەی ئەنقەرەیە.
تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە ئەنقەرە رایگەیاند، تورکیا پێویستی بە دەستوورێكی نوێ هەیە، بەڵام رێگە نادەن گفتوگۆکان لەبارەی دەستوور ببنە فریادڕەسی دەسەڵات.
هاتیمۆغوڵڵاری رەخنەی لە دەسەڵات گرت و گوتی "ئەم دەسەڵاتەی هەیە، تەنانەت دەستووری ساڵی 1982 جێبەجێ ناکات"، جەختی کردەوە پارتەکەیان ئامادەکاریی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگە گفتوگۆی ئەو بابەتە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ