رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگایەکی تورکیا، 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 59ـی دیکەش بریندار بوون. دوای رووداوەکە شەش شۆفێر دەستبەسەرکران.
رووداوەکە کاژێر 04:36 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە سنووری پارێزگای ساکاریا لە ئەنجامی پێکدادانی حەوت ئۆتۆمبێل روویدا، کە سێ پاسی نەفەرهەڵگر و بارهەڵگرێکیان تێدابوو. رووداوەکە لەسەر رێگەی خێرای مارمارای باکوور لە ناوچەی داغدیبی بە ئاراستەی ئیستەنبووڵ روویدا.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە، بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکانەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 59ـی دیکەش بریندار بوون، کە تەندروستیی هەشت لە بریندارەکان ناجێگیرە.
شەش شۆفێر دەستبەسەرکران و شۆفێرێکی دیکەش کە بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە، دوای وەرگرتنی چارەسەر دەستبەسەر دەکرێت.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ و فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایانگەیاند، بریندارەکان بە 30 ئامبیوڵانس گوازراونەتەوە نەخۆشخانەکان.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند، داواکاری گشتیی ساکاریا لەبارەی رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
دوای رووداوەکە یاشار کارادەنیز، پارێزگاری ساکاریا رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە رووداوەکەدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 54 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
بەهۆی رووداوەکەوە هاتووچۆ بە ئاراستەی ئیستەنبووڵ وەستا.
پارێزگاری ساکاریا رایگەیاند، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان گواستراونەتەوە و کاری تیمەکان لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامە.
عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە زانیاریی ورد باس دەکات:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ