باخچەلی داوا دەکات تورکیا و سووریا بە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش هێرش بکەنە سەر رۆژئاوای کوردستان

28-05-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە دەڵێ، نابێت رێگە بدرێ ئیدارەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاڤای کوردستان لە رێگەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە پێگەی خۆی بەهێز بکات و داوای هاوکاریی نێوان ئەنقەرە و شام دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەش بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان. 
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئایار لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتی: "ئیدارەی ئەمریکا یارییەکی نوێ لەگەڵ رێکخراوی بەرەی پەکەکە کە هێزەکانی سووریای دیموکراتە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دادەمەزرێنێت".
 
ئاماژەی بەوەدا، "بەسوود وەرگرتن لە ژینگەی پشێوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ هەڵبژاردنی بەناو خۆجێی لە 11ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت بۆ دیاریکردنی 133 حکومەتی خۆجێی کە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە، بەتایبەتی تەبقە، عەفرین، دێرەزۆر، رەقە، منبج و جزیرە. ئەم هەوڵە بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردنی نایاسایی بە مانای قۆناخێکی نوێ لە دابەشکردنی سووریا دێت. هەروەها ئەو لێدوانەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی سووریا کە دان بەو هەڵبژاردنانەدا نانێت و رایانگەیاندووە بایکۆتی دەکەن، پێویستە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت". 
 
باخچەلی پێی وایە نابێت تورکیا رێگە بدات ئەو ناوچانەی ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن و سەرۆکی ئەو پارتە نەژادپەرستە تورکە بە داگیرکراو پێناسەی دەکات، لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کوردی بمێننەوە، لەو چوارچێوەیەدا پێشنیازی هاوکاری نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەش بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە