رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 16:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئایار لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. میدیای تورکیا دەڵێت، شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە نزیکەی 40 ساڵە بەردەوامە و بەشێکی گەورەی ئەو شەڕە لە باشووری کوردستان دەکرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە 11ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت.
تورکیا دەڵێت، پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە پێگەیەکی بەهێزی هەیە و لەسەر ئەو بنچینەیەش تاوەکو ئێستا چەندین ئۆپەراسیۆنی زەوینی و ئاسمانی ئەنجامداوە.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا هەرێمی عەفرین و ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ