رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکاندا کە لە 29 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کرا، 147 کەس بە تۆمەتی "ئەندامبوون، هاوکاری و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستبەسەر کران."
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی یەکشەممە 28ی نیسانی 2024 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی "بۆزدۆغان-30" لە 29 شار بە سەرپەرشتی سەرۆکی داواکاری گشتی کۆمار، فەرماندەیی گشتیی جەندرمە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش کراون.
ئۆپەراسیۆنەکە لە پارێزگاکانی ئامەد، رووها، سەمسوور، ئاگری، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، سێرت، شرنەخ، وان، کیلیس، خارپێت، مێردین و سێوازی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئایدین، دەنیزلی، ئیزمیر، مانیسا، تەکیرداغ، ریزە، عوسمانییە، کۆجائەلی، هاتای، گیرەسون، ئەدیرنە و بوردوری تورکیا بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و ناونیشان.
یەرلیکایا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و رووها ژمارەیەک کەس کە بەشێک بوون لە راگەیاندنی پەکەکە و بڵاوکردنەوەی بانگەشەی رێکخراوەکەیان بە هاوبەشکردنی سۆشیال میدیا و دروستکردنی هەواڵ، هەروەها هەندێکیان بەشدارییان لە بۆنەی نەورۆزدا کردبوو بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" دەستبەسەر کراون.
لە باکووری کوردستان و تورکیا رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی پەکەکە، خەڵکی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ