رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا دەڵێت، ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دابنێت، دەبێتە رووداوێکی مێژوویی.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پێشوازی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکەن و گوتیشی، ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێتە رووداوێکی مێژوویی.
باباجان گوتی: ''چاوەڕێ دەکەین بۆ بەجێگەیاندنی بانگەوازەکە، ئەوەی پێویست بێت بکرێت. چاوەڕێدەکەین، دەستبەجێ چەک دابنرێت و رێکخراوەکە خۆی هەڵبوەشێنێنەوە''.
سەرۆکی پارتی دەڤا پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆسەکە راگەیاند و گوتی: "لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی دیموکراسی لە تورکیا، بۆ هەموو پاڵپشتیێک ئامادەین''.
شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. بانگەوازەکە سەرەتا بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، دواتریش لەلایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، بە تورکی خوێندرایەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتوویەتی: ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ