رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد و بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی مێردین دەڵێت، ئەگەر تورکیا کوردی لە ئامێز بگرتایە، دەبووە یەکێک لە زلهێزترین وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان.
ئەحمەد تورک، کە پێشتر سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین بووە؛ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی، کە لە 31ی ئاداری 2024دا دەکرێت، بووەتە بەربژێری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین.
ئەحمەد تورک لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی 2014دا خۆی بۆ گەورەشارەوانیی مێردین بەربژێر کرد و بە دەنگی خەڵکی شارەکە لە هەڵبژاردنەکەدا بردیەوە. ساڵی 2016 لەسەر کار لادرا و قەیوم لە شوێنی دانرا. لە ساڵی 2019دا جارێكی دیکە خۆی بەربژێر کردەوە و سەرکەوت، بەڵام بۆ دووەمین جار لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەیوم لە شوێنی دانرا.
ئەحمەد تورک لە دیمانەیەکدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 26ی کانوونی یەکەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، بۆ جاری سێیەم بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین هەڵبژێردرێت و قەیوم لە شوێنی دابنرێت، "ئیدی مەحاڵ دەبێت باسی دیموکراسی لەو وڵاتەدا بکرێت."
تورک، گوتیشی، "دوو جار بوومە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین، بە ئیرادە و پشتیوانیی خەڵک. هەردوو جارەکەش ئیرادەی خەڵک زەوتکرا و قەیوم بۆ شارەوانییەکان دانران. دژی ئەم نادادپەروەری و کردەوە دژە دیموکراسییە جارێکی دیکە بوومەوە بەربژێر. با بزانین لەمەودوا چ جۆرە پرۆسەیەک دەستپێدەکات."
ئەو سیاسەتڤانە کوردەی باکووری کوردستان گوتیشی، "بێگومان قۆناخێکی ئاسان نییە، بۆ ئێمە و بۆ داهاتووی تورکیا قۆناخێكی ئاسان نییە. پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت لە کۆتاییهێنان بەم دۆخە، چونکە کورد و تورک مێژوویەکی هەزار ساڵەیان هەیە. ئەگەر سیاسەتێکی گشتگیر هەبووایە، پێموایە ئەم هەموو مردنە، ململانێ، گرژییە، یان سیاسەتی دابەشکارییە کۆتایی بێت."
ئەحمەد تورک باس لە کاریگەریی فەرامۆشکردنی کورد لەسەر پێگەی تورکیا دەکات و دەڵێت، "من باوەڕم وایە ئەگەر تورکیا سیاسەتێکی پەیڕەو بکردایە کە کوردەکانی لە ئامێز گرتبا، دەبووە یەکێک لە زلهێزترین وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی ئەمڕۆ، بەڵام ترسێکی بەردەوام هەبوو، چەمکێک هەبوو کە کوردی وەک مەترسی دەبینی. هەرگیز نەمانتوانی روونی بکەینەوە، کە ئەم چەمکە هەڵەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ