رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە لە 32 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، 208 کەس بە تۆمەتی "ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "قارەمان-36" لە 32 پارێزگا رێکخراوە و 208 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیرکراون.
دوای کوژرانی 12 سەربازی سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان زیاتر کرد و بە تۆمەتی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستانیش دەستی بە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن کرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، ئۆپەراسیۆنەکە "بە تاوانی" ئەندامبوون لە پەکەکە، ئەندامبوون لە رێکخستنی گەنجانی پەکەکە لە شارەکان، بانگەشەکردن بۆ پەکەکە و کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بۆ پەکەکە کراوە.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی پەکەکەبوون، هاووڵاتیانی سڤیل، چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ