رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە باکووری کوردستان و تورکیا هێڵی هەژاریی خێزانێكی چوار کەسی 43 هەزار لیرە (زیاتر لە 1500 دۆلار)ی تێپەڕاندووە.
کۆنفیدراسیۆنی یەکگرتووی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەی بڵاوکردەوە، کە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەبارەی "هێڵی برسێتی و هەژاری" لە تورکیا ئامادەی کردووە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا هێڵی هەژاریی خێزانێكی چوار کەسی 43 هەزار و 859 لیرەیە، کە دەکاتە یەک هەزار و 558 دۆلار و هێڵی برسێتیی خێزانێكی چوار کەسی 15 هەزار و 420 لیرەیە، کە دەکاتە 547 دۆلار.
هێڵی هەژاریی خێزانێكی چوار کەسی لە مانگی تشرینی یەکەم بەراورد بە مانگی ئەیلوولی رابردوو دوو هەزار و 208 لیرە زیادیکردووە، کە دەکاتە 78 دۆلار، هێڵی برسێتیی خێزانێكی چوار کەسیش 878 لیرە زیادیکردووە، کە دەکاتە 31 دۆلار.
ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە کە هێڵی هەژاری و هێڵی برسێتی بەراورد بە ساڵی 2022 نزیکەی 100% زیادیکردووە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، خێزانێكی چوار کەسی کە لە ئەنقەرە دەژی، مانگانە بۆ خەرجی جلوبەرگ یەک هەزار و 413 لیرە (50 دۆلار)ی پێویستە، بۆ کرێ پێنج هەزار و 550 لیرە (195 دۆلار)، بۆ خەرجیی کەلوپەلی ناوماڵ سێ هەزار و 764 لیرە (133 دۆلار)، بۆ خەرجیی تەندروستی هەزار و 209 لیرە (42 دۆلار)، بۆ خەرجیی گواستنەوە نۆ هەزار و 435 لیرە (335 دۆلار)، بۆ خەرجیی تەلەفۆن و ئینتەرنێت یەک هەزار لیرە (35 دۆلار) بۆ خەرجیی گەشت و گەڕان 920 لیرە (32 دۆلار)، بۆ خەرجیی خوێندن 677 لیرە (24 دۆلار)، بۆ خەرجیی هۆتێل و مۆتێل 2916 لیرە (103 دۆلار) و بۆ خەرجیی دیکەش یەک هەزار و 641 لیرە (58 دۆلار)ی پێویستە.
لە باکووری کوردستان و تورکیا کەمترین مووچە 11 هەزار و 402 لیرەیە، کە دەکاتە 405 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ