رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-10-2023 رێژەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە رێژەی سوودی بانکی زیاتر بەرزبکرێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی یەکەم بە سەرۆکایەتیی حافیزە گایە، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە و لە کاژێر 14:00 بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەیەدا، کە لە 21ی ئەیلوولی رابردوو بوو، سوودی بانکیی لە 25%ـەوە بۆ 30% بەرزکردەوە.
ئابووریناسان پێشبینی دەکەن لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا سوودی بانکی 500 خاڵی دیکە زیاد بکرێت و بۆ 35% بەرزبکرێتەوە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ی ئایاردا یەک دۆلار بە 19 لیرە و 60 قروش مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023 بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50% زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15%، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 20ی تەممووزی 2023 رێژەی سوودی بانکی بە زیادکردنی 250 خاڵی بنەڕەتی، رێژەی سوودی بانکی لە 15% بۆ 17.5% بەرزکردەوە. لە کۆبوونەوەی مانگی ئابدا بە زیادکردنی 750 خاڵی بنەڕەتی رێژەی سوودی گەیاندە 25% و لە کۆبوونەوەی مانگی رابردووش رێژەکەی بۆ 30% بەرزکردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9% بۆ 8.5% کەمکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ