رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا کە لە 16 پارێزگای تورکیا و 15 پارێزگای باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، 176 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە دەستبەسەر کران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 25ی تشرینی یەکەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە 31 پارێزگای تورکیا ئۆپەراسیۆن کراوە و 176 کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردن و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستبەسەر کراون.
بە گوتەی یەرلیکایا، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگریی ئاسایش؛ بەشی پۆلیسی پارێزگاکان لە پارێزگاکانی ئادانا، ئەنقەرە، ئانتاڵیا، ئایدن، باڵکەئەسیر، بورسا، دەنیزلی، مانیسا، مێرسین، هاتای، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، کۆنیا، کۆجائەلی، نەوشەهیر، تەکیرداغی تورکیا و پارێزگاکانی بەدلیس، ئامەد، ئەرزینگان، ئەرزەڕۆم، خارپێت، دیلۆک، جۆلەمێرگ، ئیدر، قەرس، مەڵەتی، سێرت، روها، شرنەخ، دێرسم و وانی باکووری کوردستان کراوە.
هێزە ئەمنییەکان لە پشکنینی ناونیشانەکاندا دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەکی زۆر دەمانچە و تاپڕی بێ مۆڵەت، لەگەڵ بەڵگەنامەی رێکخراوەیی و کەلوپەلی دیجیتاڵیدا.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە، هاووڵاتییانی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ