رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا بۆ سەر دوو کۆمەڵە و ناوەندی تایبەت بە کولتوور و زمانی کوردی لە پارێزگاکانی ئامەد، ئیستەنبووڵ و ئیزمیر 25 کەس دەستبەسەرکران. بارۆی ئامەد لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەتاوانبارکردنی ئەو چالاکییانەی بۆ پەرەپێدانی مافەکانی پەیوەندیدار بە زمان ئەنجام دەدرێن لە رێگەی دادوەرییەوە قبووڵ ناکەین."
بارۆی ئامەد لە کاردانەوەیدا بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆن بۆسەر "مەد-دەر" و "پاییز پرتوک" لە ئامەد، ئیستەنبووڵ و ئیزمیر دەڵێت، "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتی دیاربەکرەوە ئەنجامدراوە، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە لە دامەزراوەکانی "مەد-دەر" و "پاییز پرتوک" پشکنین کرا. زۆر کەس کە راهێنەری فێرکردنی زمانی کوردین و بەرێوەبەری کۆمەڵەیان لەنێودایە دەستبەسەرکران."
بارۆی ئامەد داوا دەکات ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەرکراون، ئازاد بکرێن.
سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە 24ی ئەیلول، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا لە ئامەد، ئیستەنبووڵ و ئیزمیر هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک چالاکڤانی کورد و ناوەندی کولتوور و زمانی کوردی.
لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا، محەممەد رەمزی عەزیزئۆغڵو و شوکران یاقوت، هاوسەرۆکانی ناوەندی رۆشنبیری و زمانی میزۆپۆتامیا (مەد-دەر) و ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکە دەستبەسەرکران.
پۆلیس لە باڵەخانەی ناوەندی رۆشنبیری و زمانی میزۆپۆتامیا دەستی بە گەڕان و پشکنین کرد و دەستی گرت بەسەر ژمارەیەک پەرتووک و گۆڤار و بەشێک لە هارد دیسکی کۆمپیوتەردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ