رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای قەیسەری تورکیا پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا و بەو هۆیەوە 38 کەس بریندار بوون، کە تەندروستی هەشت لە بریندارەکان ناجێگیرە.
رووداوەکە کاژێر 00:10 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە سنووری شارۆچكەی پنارباشی سەر بە پارێزگای قەیسەری روویدا.
پاسێكی نەفەرهەڵگر کە لە پارێزگای موش ـی باکووری کوردستان بەرەو پارێزگای بورسا ـی تورکیا ژمارەیەک سەرنشینی دەگواستەوە، لەسەر رێگەی سەرەکی گورون - پنارباشی وەرگەڕا.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی، پۆلیس و جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
تیمەکان ئەو سەرنشینەیان هێنایە دەرەوە کە لە نێو پاسەکەدا گیریان خواردبوو.
لە کۆی 41 سەرنشینی نێو پاسەکە 38 کەس لە رووداوەکەدا برینداربوون، کە تەندروستی هەشتیان ناجێگیرە و لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری قەیسەری.
بەهۆی رووداوەکەوە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک رێگەی سەرەکی قەیسەری - مەڵەتی بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلدا داخرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پاسەکە بەهۆی بارینی باران خلیسکاوە و وەرگەڕاوە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ