رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ئەو 28 کەسە ئازاد کران کە لە گردبوونەوەی دایکانی شەممە لە ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکرابوون.
ئەو 28 کەسە رۆژی شەممە، 23ـی ئەیلولی 2023 لە 965ـەمین گردبوونەوەی دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گاڵاتاساری لە شاری ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکران.
دوای وەرگرتنی گوتە لێیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، بۆ پشکینی پزیشکی رەوانەی سێ نەخۆشخانەی جیاواز کران.
گرووپی دایکانی شەممە لە هەژماری فەرمی خۆیان لە سۆشیاڵ میدیا، ئازادکردنی ئەو 28 کەسەیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، "هیچ قەدەخەیەک ناتوانێت رێگریمان لێ بکات لە دیداری گۆڕەپانی گاڵاتاسارای، کە لەوێ پرسیار لە چارەنووسی رۆڵە ونبووەکانمان دەکەین."
دایکانی شەممە کە نزیکەی 30 ساڵە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی رۆڵەکانیان دەکەن، دەوڵەتی تورکیا تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، بێسەروشوێنبوونی رۆڵەکانیان پلان بۆ داڕێژراو بووە.
دایکانی شەممە لە ئایاری 1995 ـەوە هەموو رۆژانی شەممە لە کاژێر 12 لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای گرد دەبوونەوە و داوای چارەنووسی رۆڵەکانیان لە حکومەتی تورکیا دەکرد کە لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە بە هۆکاری سیاسی دوای دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێسەروشوێنکرابوون. بەشێکیان تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و بەشێکی دیکەشیان بەشێوەی تەمومژاوی کوژراون. لە ساڵی 2018 ـەوە ئەو گۆڕەپانە لە دایکانی شەممە قەدەخە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ