هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل: دەنگی ئۆجەلان نەبیسترێت، ئەوەی دەگوترێت هیچ بەهایەکی نییە

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل لێدوانەکانی سەرۆکی مەهەپە بە پلانێکی مەترسیدار وەسف دەکات و دەڵێت، "تاوەکو دیدارێکی راستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە نەبێت، گوتاری یەکلایەنە هیچ بەهایەکی نییە."
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سیشەممە 22ی تشرینی یەکەم لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات.
 
رەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل لەبارەی لێدوانەکانی باخچەلی و گفتوگۆکانی "پرۆسەی نوێ" رایگەیاند، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئامادەیە لە هەر کاتێکدا ئەرکێک بۆ چارەسەرکردن جێبەجێ بکات، بەڵام بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ پاکتاوکردنی رێکخراوەکە بانگەوازێکی بێمانایە."
 
کارتاڵ دەڵێت، "ئەوە شتێکی جیدی نییە بانگەوازێکی لەو شێوەیە بۆ رێبەری گەلی کورد بکەین، کە هەموو تەمەنی خۆی بە تێکۆشان بۆ دیموکراسییەت لە تورکیا لەسەر بنەمای چارەسەری کێشەی کورد بەسەر بردووە بۆ ئەوەی خەڵکی تورکیا سیستەمێکی دیموکراسی و ئازاد و یەکسانی هەبێت."
 
بە گوتەی هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، "حکومەتی ئاکپارتی - مەهەپە گیری خواردووە. لە ماوەی 10 ساڵدا پرۆسەیەکی زۆر سەخت هەبووە و هەموو شتێک کراوە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام. لە تورکیادا سیستم گۆڕدار، ئەو پلانەی ئامادەیان کردبوو پووچەڵ کرایەوە. بە پێچەوانەوە سیستمی دەوڵەتی تورکیا بەرەو داڕمان دەڕوات. لە سەربازییەوە ئەنجامی بەدەست نەخست و قەیرانێکی سیاسی جیدی و داڕمانێکی ئابووری گەورە هەیە. هەوڵێک بۆ دەرچوون لە دۆخە هەیە، بەڵام دەرچوون لەو دۆخە بە گەمەی فێڵ و تەڵەکە نابێت. ئێستا گەمەیەکی زارەکی تاکلایەنە لە ئارادایە و ناتوانرێت بەشداری لەم گەمەیەدا بکرێت."
 
کارتال پێیوایە، ئەگەر هەوڵێکی راستەقینەی دیالۆگ ئاڕاستە کرابێت، پێویستە دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمرالی بکرێنەوە. تاوەکو دەنگی کاک عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەبیسترێت، ئەوەی دەگوترێت هیچ بەهایەکی نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە