سەرۆکی جەهەپە لە ئامەدە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەردانەکەی بۆ باکووری کوردستان دەستپێکرد و درەنگانی شەوی رابردوو گەیشتە ئامەد.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا دەچێتە پارێزگاکانی ئامەد، ئێلیهـ، مێردین، شرنەخ، وان و جۆلەمێرگ.
 
شەوی رابردوو سەرۆکی جەهەپە لە ئامەد بە گۆرانیی کوردی پێشوازیی لێکرا و دوای ئەوە چووە ئەو هۆتێلەی لێی دەمێنێتەوە.
 
ئۆزەل بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی یەکەم بۆ نانی بەیانی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ژنان کۆدەبێتەوە.
 
دوای ئەوە سەردانی قایمقامیەتی ئامەد و دواتریش سەردانی پیشەوەران و دووکاندارانی ناوچەت سوور لە شاری ئامەد دەکات و نانی نیوەڕۆش لەگەڵ ئەو کرێکارانە دەخوات کە لە کارگەکاندا کار دەکەن.
 
سەردانەکە لە کاتێکدایە، هەوڵێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا هەیە، لە دوو رۆژی رابردووشدا سەرکردەکانی بەشێکی زۆر لە پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەو بارەیەوە قسەیان کردووە.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بچێتە پەرلەمان و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا گوتار بدات و بڵێت، "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە، هاوار بکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە."
 
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی قسەکەی باخچەلی گوتی، "لە کاتێکدا کەسانێک بانگەوازی لەم جۆرە دەکەن کە چاوەڕێمان نەدەکرد، ئەوە شتێک نییە ئێمە رەتی بکەینەوە. ئەو پرسەی ئێمە بە بنەما دەیبینین، ئەوەیە کە هەموومان بەیەکەوە هەنگاوی دروست لە بەرژەوەندیی تورکیا بنێین. پارتی گەلی کۆماری لەم بابەتەدا ئاستەنگ دروست ناکات. لە پێگەیەکدا نابین کە بە درێژایی مێژوو پێی نیگەران بین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە