رووداو دیجیتاڵ
دوای بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی تورکیاوە، بە پێچەوانەی پێشبینییەکان بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە، زیاتر دابەزی و ریکۆردێکی نوێی تۆمار کرد.
بەرەبەیانی ئەمرۆ هەینی، 23 حوزەیرانی 2023 بەر لە کردنەوەی بۆرسەکانی تورکیا بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار 2.3٪ دابەزی و یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 25.48 لیرە و یەک یۆرۆ بە 27.88 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
لە کاژێر 08:30 خولەکدا لیرە کەمێک بەرز بووەوە و و یەک دۆلاری ئەمریکی بە 25.14 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. ناسەقامگیری لە بەهای لیرە هێشتا بەردەوامە و یەک دۆلار لەسەرووی 25 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 22ی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی، یان بە رێژەی ٪6.50 زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15٪، ئەمەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان. ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەکە بۆ زیاتر لەو ئاستە بەرز بکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رۆژی پێنجشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، دڵنیایی دا کە بەهای لیرەی تورکی جێگیر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ