رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری دادگەی دەستووریی تورکیا لەبارەی بلۆک نەکردنی هاوکارییە داراییەکانی خەزێنە بۆ هەدەپە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە. گوتەبێژی ئاکپارتی رەخنەی لە دادگەی دەستووریی وڵاتەکەی گرت و جەختی کردەوە کە ئەو بڕیارە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لاواز دەکات.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی دەڵێت، "دادگای دەستووری بەم بڕیارەی ئاشکرای کردووە، لەبارەی ئەو رێوشوێنانەی کە دەبێت لە دژی تیرۆر بگیرێنەبەر، لاوازی دروست دەکات. بڕیارەکانی دادگەی دەستووری بڕیارەکانی دادگەی باڵان و جێبەجێ دەکرێن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی نموونە جیهانییەکانیش، لە هەڵسەنگاندنی ئەم بڕیارانەدا پێویست ناکات خۆمان لە گوتنی ئەمانە بەدووربگرین."
دادگەی باڵای تورکیا رۆژی 16ی حوزەیران داوای کرد هاوکارییەکانی هەدەپە بلۆک بکرێن، بە پاساوی ئەوەی بەشداریی هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری ئەمساڵی نەکردووە.
دادگەی دەستووری رۆژی دووشەممە ئەو داواکارییەی رەتکردەوە. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و گوتی، دەبێت دادگەی دەستووری لە قاڵب بدرێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا هەڵسەنگاندنی بەرفراوانم لەسەر کردەوەکانی دادگەی دەستووری کردووە. پێدەچێت سەرۆکی دادگەی دەستووری و ئەندامانی دەستەکە ئەوەی ئێمە دەیڵێین لەبەرچاو ناگرن و پێیان باشە بەگوێرەی خواستی هەدەپە مامەڵە بکەن، نەک تورکیا. بۆئەوەی لەم هەڵوێستە رزگارمان بێت، پێویستە دەستوورێکی نوێ ئامادە بکرێت و دادگەی دەستوورییش لە قاڵب بدرێت. بە تووندی سەرکۆنەیان دەکەم. پێویستە لە پاشکۆیەتیی ئەو قەندیلە رزگایان بێت."
هەدەپە لە حوزەیرانی 2021ـەوە بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکە لە دادگە دۆسیەی داخستنی لەسەر تۆمار کراوە.
ئەو هاوکارییەی بەگوێرەی بڕگەی (1) لە یاسای پارتە سیاسییەکان لە بودجەی ساڵی 2023 بە هەدەپە دەدرێت، 539.5 ملیار لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 22.81 ملیۆن دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ