رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ، نرخی یەک سەموونی 210 گرامی لە 4.5 لیرەوە بۆ 5 لیرە بەرزبووەوە. ئەمە لەکاتێکدایە نرخی هەر سەموونێک لە هەمان مانگی ساڵی 2021دا بە 2 لیرە بوو. بەمەش نرخی یەک سەموون لە ماوەی ساڵێکدا بەرێژەی 150% گرانبووە.
رۆژی سێشەممە 21ـی حوزەیرانی 2022، حەسەن دەمیر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاردفرۆشانی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، گرانبوونی نرخی ئارد بەڕێژەی بەرچاو، هۆکاری گرانبوونی نرخی نان و سەموونە. نرخی ئێستای سەموونی 210 گرامی، 4.5 لیرەیە و لە رۆژی 21ـی مانگەوە نرخەکەی بۆ 5 لیرە بەرزبووەوە.
هاوکات، ئەردۆغان چەتین، سەرۆکی ژووری سەموونخانە و نانەواخانەکانی تورکیا رایگەیاند، بە فەرمیی نرخی سەموون گران نەکراوە، بەڵام ئەنجوومەنەکانی سەموونخانە و نانەواخانەکانی زۆربەی پارێزگاکانی تورکیا بڕیاری گرانکردنی نرخی سەموونیان داوە. لە چەند پارێزگایەکیش کێشی سەموون لە 220 گرامەوە کراوەتە 210 گرام و بەشێکیشیان گەیاندوویانەتە 200 گرام.
ئەردۆغان چەتین روونیکردەوە، ساڵی رابردوو کیسەی ئاردی 25 کگم بە 130 لیرە بووە، ئەمساڵ نرخەکە گەیشتووەتە 550 لیرە. هەروەها لیتری سووتەمەنی 9 لیرە بوو، ئەمساڵ نرخەکەی بۆ 30 لیرە بەرزبووەتەوە.
رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2022، لە 36 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، نرخی سەموونێک لە 4 لیرەوە بۆ 5 لیرە گران کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ