رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەڵێت، ''سەردانەکەی لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو''.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە، رۆژی چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە بارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا بە زمانی کوردی و تورکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ''سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ وڵاتەکەمان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆماردا، لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو''.
داودئۆغڵو هەروەها گوتی، ''لە بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکان کە ئامانجیانە ناوچەکەمان بخەنە نێو گێژاو، دەبێت دیالۆگ و هاوشانیمان لەگەڵ برا کوردەکانمان لە عێراق و سووریا بەردەوام بێت، کە هەزار ساڵە هاومێژوو و هاوچارەنووسی یەکدین''.
سەرۆکی پارتی ئاییندە راشیگەیاند، نابێت رێگە بدرێت نەتەوە دۆستەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ببنە قوربانیی بەرژەوەندیی هێزە جیهانییەکان. هەروەها گوتیشی، بەرقەرارکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەڕێگەی پاڵپشتی و هاوشانیی یەکدی بەدیدێت.
رۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە ئەنقەرە و سەرەتا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهكهدا، "گفتوگۆ لەبارەی برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کرا".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دواتر لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و مەسرور بارزانی دەڵێت، پرسە ناوچەییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێکران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکردووە، ''لەژێر رۆشنایی پێشهاتەکانی سووریا، گرنگی بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەدات''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ