رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار ئاکنجی "بە سەرکەوتوویی" ئەرکی گەڕانی بەدوای هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی جێبەجێکرد و گەڕایەوە. دەشڵێت ساڵی رابردوو بایی 5.5 ملیار دۆلار درۆن و کەرستەی سەربازییان فرۆشتووە؛ 50 وڵاتیش درۆنەکانی تورکیا بەکاردەهێنن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی دووشەممە، 20ـی ئایار دوای کۆتاییهاتنی کۆبووەنەوەی کابینەی حکومەتەکەی لە ئەنقەرە کە سێ کاژێری خایاند، باسی پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە پیشەسازیی بەرگریدا مێژوو تۆمار دەکەن.
ئەردۆغان گوتی: "بێگومان پیشەسازیی بەرگری یەکێکە لەو بوارانەی کە تورکیا مێژووی تێدا تۆمار کرد. لە کاتێکدا ئێمە لە ساڵی 2002ـدا لە 80٪ پشتمان بە سەرچاوە بیانییەکان بەستبوو، ئەمڕۆ نزیکەی هەموو پێداویستییە بەرگرییەکانمان بە سەرچاوە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان دابین دەکەین".
بە گوتەی ئەردۆغان، هەناردەی بەرگریی تورکیا 10 ساڵ لەمەوبەر یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی 2023ـدا 4.5 هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 5.5 ملیار دۆلار.
ئەردۆغان گوتی: "ساڵی رابردوو 230 جۆر بەرهەمی پیشەسازی بەرگریمان هەناردەی 185 وڵات کردووە. ئێمە لە سێ وڵاتی سەرەکی جیهانین لە بواری تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر و زیاتر لە 50 وڵات لە ئەفریقاوە تاوەکو ئەورووپا کەڵک لەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانانە وەردەگرن کە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن.
بە گوتەی ئەردۆغان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەک تەنیا لە بوارە سەربازییەکان، بەڵکو لە کارەساتی سرووشتی و چالاکییەکانی گەڕان و فریاگوزاریدا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێن.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی گرنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، لەسەر داوای ئێران بایراکتار ئاکنجی تیها رۆڵێكی کارای لە ئەستۆ گرتووە لە دۆزینەوەی ئەو هەلیکۆپتەرەی تێیدا سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا و دوای ئەوەی بە سەرکەوتوویی ئەرکەکەی تەواو کرد، گەڕایەوە وڵاتەکەمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ