رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی تورکیا دەمەقاڵە لەنێوان پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئاکپارتی و جەهەپە دروستبوو. رەخنەگرتن و وەڵامدانەوەی پەرلەمانتاران بۆ قسەکانی یەکدی بەجۆرێک تووند بوو، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ناچار بوو ناوبڕێک بە دانیشتنەکە بدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی بودجەی وەزارەتی گەنجینە و دارایی بۆ ساڵی 2024 دەستیپێکرد.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتارە تورکەکەی دەم پارتی بەر لەوەی دەست بە گوتارەکەی بکات، بە زمانی کوردی سڵاوی لە محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا کرد کە خەڵکی پارێزگای ئێلیهـی باکووری کوردستانە. یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی دەم پارتی، لە گوتارەکەیدا رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت و ئاماژەی بەوەدا، مێژووی کۆماری تورکیا مێژووی کۆمەڵکوژییە.
لەیلا شاهین ئوستا، پەرلەمانتاری ئەنقەرە و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، وەڵامی دایەوە و گوتی، "کەس بۆی نییە بڵێت مێژووی کۆماری تورکیا مێژووی کۆمەڵکوژییە و بەو شێوەیە مێژووی ئێمە پیس بکات، بە تایبەتی ئەگەر ئەوانەی ئەو قسەیە دەڵێن بە پاڵپشتیکردن لە تیرۆر و وەرگرتنی فەرمان لە قەندیل هۆکاربووبن لە گیانلەدەستدانی هەزاران کەسی بێتاوان، کەس حساب بۆ قسەکانیان ناکات".
پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەر لەم وڵاتەدا کۆمەڵکوژی کرابێت، دەبێت حسابی ئەوە لە جەهەپە داوا بکرێت کە لەو کاتەدا تاکە حیزبی فەرمانڕەوا بووە. دەبێت حسابی ئەوە لەوانە داوا بکرێت کە فەرمان لە قەندیلەوە وەردەگرن و مرۆڤ دەکوژن. ئەوانەی بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون و لەسەر کورسی ئەم پەرلەمانە دادەنیشن و مووچەکانی خۆشیان بۆ قەندیل رەوانە دەکەن، حەدی ئەوەیان نییە عەقڵ بە ئێمە بفرۆشن و وانەمان پێبڵێنەوە".
ساروهان ئۆڵوچ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی وەڵامی پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی دایەوە و گوتی، "بابەتی گفتوگۆکەمان بودجەی وەزارەتی گەنجینە و دارایییە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناتانەوێت باسی ئەو بابەتە بکەن، لەوە هەڵدێن و ناتوانن وەڵامی رەخنەکان بدەنەوە، گفتوگۆکان بەلاڕێدا دەبەن. ئێمە ئەمە ناخۆین، بەڵام وەڵامی شەڕانگێزی و درۆکانت دەدەمەوە. مەبەستتان چییە کە دەڵێن مووچەکانتان دەنێرن بۆ قەندیل، مرۆڤ دەبێت کەمێک شەرمی هەبێت".
ساروهان ئۆڵوچ وێنەیەکی کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەت و هەدەپەی پیشاندا کە لە 28ـی شوباتی 2015 لە دۆڵمە باخچە گیراوە و گوتی، "ئەم وێنەیەتان وەبیر دەهێنمەوە کە وێنەی رێککەوتنی دۆڵمە باخچەیە. کێ لە وێنەکەدا هەیە؟ ئەفکان ئاڵا کێیە؟ بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنتانە. یاڵچن ئاکدۆغان کێیە؟ پەرلەمانتاری پێشووی ئێوەیە. ماهیر ئوناڵ کێیە؟ کەسێکە لە بەڕێوەبەرایەتی ئێوە. دانیشتوون رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە، لەگەڵ کێ؟ لەگەڵ شاندەکەی ئێمە. ئێوە چی بە کێ دەڵێن؟ با شتێکی دیکەشتان وەبیر بهێنمەوە. یاڵچن ئاکدۆغان لەو کاتەدا گوتوویەتی، ئۆجەلان ئەزموون و قابیلییەتی خوێندنەوەی رووداوەکانی هەیە، ئەو کاراکتەری نوێی ناوچەکەیە. کەسێكی دیکەی ئێوە چی گوتووە، دەزانن؟ ئەو شوێنەی ئۆجەلان لێی وەستاوە سوود بە تورکیا دەگەیێنێت، شتی زۆر بەهادار دەڵێت. کێ وا دەڵێت؟ محەممەد مەتینئەر. کەسێكی دیکەتان هەیە بەناوی ئۆرهان میرئۆغڵو، چی گوتووە؟ گوتوویەتی پەکەکە رێکخراوی تیرۆر نییە، ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەرفەتە بۆ تورکیا، پێویستە سەرلەنوێ بێتەوە سەر هێڵ. چۆن تۆمەتێکی لەوجۆرە دەدەنە پاڵ ئێمە؟ کەمێک شەرم بکەن".
بروجو کۆکساڵ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، وەڵامی پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی دایەوە و گوتی، "پارتی گەلی کۆماری بە کۆمەڵکوژکردن تۆمەتبارکرا، دەمەوێت وەڵام بدەمەوە. پارتی گەلی کۆماری لە مەیدانی شەڕ دامەزاروە و ئەو حیزبەیە کە کۆماری دامەزراندووە، سەرەتا ئەمە فێربن. لە سایەی ئەم کۆمارە خاوەن مافن، خوێندنتان تەواو کردووە و ئێستاش بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنن".
بروجو کۆکساڵ دەستکەوتەکانی کۆماری تورکیا و بانک و کۆمپانیا نیشتمانییەکانی یەک بە یەک هەژمار کرد و بە پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی گوت، چەندین ساڵە لە رێگەی بە تایبەتکردنیان ئەم دەستکەوتانە دەفرۆشن بەڵام هێشتا پێتان تەواو نەکراوە.
دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بودجەی وەزارەتەکە بەردەوامە، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی دەمەقاڵەی نێوان پەرلەمانتاران، بەکر بۆزداغ، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان کە دانیشتنەکە بەڕێوەدەبات، بۆ ماوەی چەند خولەکێک ناوبڕی دا بە دانیشتنەکە و دواتر دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ