رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رێژەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، کە رێژەی سوودی بانکی بۆ 20% بەرزبکرێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی تەممووزی 2023 بە سەرۆکایەتیی حافیزە گایە، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە.
لە کاتێکدا لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار کردووە، لە بازاڕەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندییە، کە کاژێر 14:00ی ئەمڕۆ رادەگەیێندرێت.
چاوەڕوانی گشتی لە بازاڕدا ئەوەیە، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە دووەمین کۆبوونەوەی حافیزە گایە ئەرکان، سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی راپرسییەکی بلومبێرگ ئێچ، کە بە بەشداریی شارەزایانی ئابووری ئامادە کراوە، ئابووریناسان پێشبینییان کردووە، بانکی ناوەندیی تورکیا لە مانگی تەممووزدا سوودی بانکی 500 خاڵی دیکە بەرز بکاتەوە و رێژەکە بگاتە 20%.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ی ئایار کرا، بۆ یەکەمین جار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50% زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15%، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان.
لە ماوەی یەک مانگ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەوە لیرەی تورکی نزیکەی 30%ی بەهای لەدەستداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9% بۆ 8.5% کەمکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ