ئەردۆغان: بەرەنگاری LGBT دەبینەوە

19-12-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، LGBT لە بەرنامەیاندا نییە و لە قۆناخی داهاتوودا "بە وریاییەوە بەرەنگاریان دەبینەوە." 
 
لە گوتارێکیدا له‌ "لووتكه‌ی ره‌نجی ژنان" کە ئەمڕۆ دووشەممە 19-12-2022 لە شاری ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێكی پێشكێشكرد و رایگەیاند، LGBT کە کورتکراوەکەی بریتییە لە (ھاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزخواز، ترانسجێندەر، ھەمەڕەگەزخواز)، لە بەرنامەی ئەواندا نییە. 
 
ئەردۆغان رەخنەی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت و لە بابەتی باڵاپۆشیدا رایگه‌یاند: "لەم قۆناخەدا جارێکی دیکە دەردەکەوێت کە کێن ئەوانەی مافەکانی ژنان بۆ مەبەست بەکاردەهێنن و ئەوانەشی راستگۆیانە بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکەن." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا ساڵی 1999ی وەبیرهێنایەوە کە دوای هەڵبژاردنەکان پەرلەمانتارێکی باڵاپۆش لەلایەن بولەنت ئەجەویت و ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە دەرکرا و رایگەیاند: "ژنێک کە بە دەنگی خەڵک هاتووەتە نێو پەرلەمان، واتای چی تۆ دەڵێی سنووری بۆ دابنێن. ئەی جەهەپە! ئێوە درێژەپێدەری ئەوانن. هیچ جیاوازییەکتان نییە، دەی ئەگەر بۆتان دەکرێ ئێستا سنوور دابنێن." 
 
رۆژی 2-5-1999 لەکاتی چوونی پەرلەمانتارانی هەڵبژێردراو بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان، گوشار لەسەر مەروە کاڤاکچی، پەرلەمانتاری پارتی فەزیلەت دروستکرا لەبەر ئەوەی ژنێکی سەرپۆش بوو. بولەنت ئەجەڤیت، دامەزرێنەری پارتی چەپی دیموکرات (دەسەپە) لە نێو هۆڵی پەرلەماندا سەرکۆنەی کاڤاکچیی کرد و گوتی: "لە تورکیادا هیچ کەسێک دەستوەردان لە پۆشاک، شێوازی لەبەرکردن، ژیانی تایبەتی و سەرپۆشی خانمان ناکات. بەڵام ئێرە شوێنی ژیانی تایبەتیی هیچ کەسێک نییە. ئێرە بەرزترین دامەزراوەی دەوڵەتە. ئەوانەی لێرەدا ئەرکدارن، ناچارن پابەندی رێسا و نەریتی دەوڵەت بن. ئێرە شوێنێک نییە لێیەوە مەیدان لە دەوڵەت بخوێنرێت. تکایە سنوور بۆ ئەو خانمە دابنێن." 
 
دوای ئەو گوتانە بەشێک لە پەرلەمانتاران بە چەپڵەڕێزانەوە کاردانەوەیان نێشاندا و بە گوتنەوەی "بۆ دەرەوە، بۆ دەرەوە" مەروە کاڤاکچی، پەرلەمانتاری پارتی فەزیلەتیان ناچارکرد هۆڵی پەرلەمان جێبهێڵێت. ئەردۆغانیش ئەوکات لەو پارتە بوو. 
 
ئەردۆغان سه‌باره‌ت به‌ LGBT رایگه‌یاند کە ئەو بابەتە لە بەرنامەی ئەواندا نییە و پێویستیان بە شتێکی لەمجۆرە نییە، ئەردۆغان هەروەها دەڵێت: LGBT زیان بە شیرازەی خێزان دەگەیێنێت و لە قۆناخی داهاتوودا بەرەنگاریان دەبینەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە