رووداو دیجیتاڵ
هاکان، فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ هەینی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ڤتنبێرخ، سەردانی هۆڵەندا دەکات و لەگەڵ هاوتا هۆڵەندییەکەی کۆدەبێتەوە
ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی 2008ـەوە دەکرێت، ئامانجەکەی بەرەوپێشبردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتە.
دەیەمین کۆبوونەوەی کۆنفرانسی ڤتنبێرخ لە 16ـی نیسانی ئەم ساڵ دەستیپێکرد. شەش گرووپی کار لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا، رەوەندی تورکیا لە هۆڵەندا، ئاسایشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆچی نایاسایی، ئاوەدانکردنەوە دوای بوومەلەرزە و چارەسەری بەردەوام و گواستنەوەی وزەی پاکدا پێکهێندرا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، هاکان فیدان لەگەڵ هانکە بروینز سلۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا و پرسەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
فیدان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا چاوی بە مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەنداش دەکەوێت.
ئەم سەردانەی هاکان فیدان بۆ هۆڵەندا لە کاتێکدایە، پەرلەمانی هۆڵەندا پێشنیازی رێگری لە رێککەوتنی یەکێتی گومرگی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیای پەسند کرد، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورک.
دەمیرتاش لە ساڵی 2016ـەوە لە چوارچێوەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بە تۆمەتی پەکەکەبوون دەستگیرکراوە. کاڤاڵاش لە ساڵی 2017ـەوە بە تۆمەتی "رووداوەکانی پارکی گەزی'' لە ئیستەنبووڵ خراوەتە زیندانەوە. دادگەی مافی مرۆڤی تورکیا بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش و کاڤالاـی داوە، بەڵام تورکیا جێبەجێ ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ