رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا پێنج کەس، کە هاووڵاتیی سووریان، بە تۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەستبەسەر کران.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 19ـی ئاداری 2024 لە ئۆپەراسیۆنێکدا، کە بە هاوبەشیی تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی ئیزمیر و دەزگای هەواڵگری و لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیزمیر کرا، هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و پێنج کەسیان دەستبەسەر کرد.
ئەو پێنج کەسەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر کراون، هاووڵاتیی سووریان و تۆمەتبارن بە ئەندامێتیی پەکەکە و یەپەگە و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە/کەجەکە، پەیەدە/یەپەگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
دوای دەستبەسەرکردنیان، ئەو پێنج کەسە رەوانەی فەرماندەیی جەندرمەی ئیزمیر کراون.
لە تورکیا رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە پەکەکە، خەڵکی مەدەنی و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن. بەر لە هەڵبژادنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە 31ـی ئاداری ئەمساڵدا بکرێت، هەڵمەتەکانی دەستبەسەرکردن و گرتن زیادیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ