رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمێکدا لە شاری ئەنقەرە، 48 بەربژێری پارتەکەی بۆ شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا راگەیاند، هەر لەوێ هێرشی کردە سەر دوایین کۆبوونەوەی جەهەپە و دەم پارتی.
ئەردۆغان گوتی، جەهەپە بە راخستنی فەرشی سوور بۆ کلکەکانی قەندیل بە ئاشکرا هاوئاهەنگی خۆی پێشانداوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "کاتێک ئۆزگور ئەفەندی لە کورسی کۆنگرە سڵاوی بۆ تیرۆریستان نارد، بەمە دوایین بزماری لەسەر تابوتی ئەو حیزبە کوتا کە مستەفا کەمال دایمەزراندبوو. هەروەک چۆن هێزە ئیمپریالیستەکان رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەڕێوەدەبەن، جەهەپەش ئیدی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو حیزبەدایە کە لەژێر کاریگەریی ئەو رێکخراوە دابەشکەرەدایە و لەلایەن دەم پارتییەوە بە دیل گیراوە."
زۆری نەبرد جەهەپە وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، پارتێکی کوردیی کردە ئامانج بۆ سەرکۆنەکردنی ئاکپارتی و ئەردۆغان.
عەلی ماهیر باشارر، سەرۆکی گرووپی جەهەپە رایگەیاند، "ئەردۆغان، لە رابردووی ئێمەدا مستەفا کەمال ئەتاتورک هەیە، بەڵام لە رابردووی ئێوەدا ئەو کەسانە هەن کە لە شەڕی رزگاریدا ئەم وڵاتەیان بەجێهێشت، سواری زرێپۆشی بەریتانیا بوون و بەرەو بەریتانیا هەڵهاتن. ئەردۆغان لە رابردووی ئێمەدا عیسمەت ئینۆنۆ هەیە، بەڵام لە رابردووی ئێوەدا کۆمەڵەی دۆستانی ئینگلیز هەیە. ئەی تۆ ئەو ئەردۆغانە نیت کە هوداپارت هێنایە پەرلەمان، کە دەیگوت با ئاڵای تورک ببێتە ئاڵای تورکیا."
کەمتر لە دوو مانگ و نیوی ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، بەڵام لە ئێستاوە دیارە لەم هەڵبژاردنەدا دەم پارتی و هوداپار دوو کارتی سەرەکی بن کە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی تورکیا لە بانگەشەکانیاندا دژی یەکدی بەکاریان بهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ