رووداو دیجیتاڵ
دەزگای توێژینەوەی سیاسەتی ئابووریی تورکیا، ئەنجامی دوو راپرسی بڵاوکردەوە کە سەبارەت بە بیروباوەڕی ئایینی لە باکووری کوردستان و تورکیا ئامادەی کردوون.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکان کە رۆژی چوارشەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2024 بڵاوکراونەتەوە، 85٪ـی بەشداربووان ئاماژەیان بەوەداوە، ئایین جێگەیەکی گرنگی هەیە لە ژیانیاندا و زۆرینەشیان رایانگەیاندووە، دەوڵەتێکی عەلمانی و دیموکراسییان دەوێت.
دەزگای توێژینەوەی سیاسەتی ئابووریی تورکیا ئەو دوو راپرسییەی لە ساڵی 2016 و 2020ـدا بە ناونیشانەکانی "زۆرینەگەرایی و تووندڕەوی بەراوردکراو لە تورکیا" و "لێکۆڵینەوە لەسەر ئایین و هەڵوێستی تووندڕەوی لە وڵاتێکی زۆرینە موسڵماناندا" کردووە.
لە راپرسی یەکەمدا چاوپێکەوتن لەگەڵ شەش هەزار و 989 کەس کراوە و لە راپرسی دووەمدا چاوپێکەوتن لەگەڵ حەوت هەزار و 280 کەس کراوە و بۆچوونەکانیان وەرگیراون.
زۆربەی بەشداربووانی راپرسییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، ئاگاداری ئایینەکەیان نین یان هیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە نییە. لە ساڵی 2016ـدا 59٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، هیچ شتێک لەبارەی ئایینەکەیانەوە نازانن، ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2020ـدا گەیشتووەتە 71٪.
بەپێی ئەنجامی هەردوو راپرسییەکە بێت، زۆربەی بەشداربووان رایانگەیاندووە، دەیانەوێت لە وڵاتێکی عەلمانی و دیموکراسیدا بژین. لەکاتێکدا لە راپرسییەکەی ساڵی 2016ـدا، 75٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، دەیانەوێت لە وڵاتێکی عەلمانی و دیموکراسیدا بژین، ئەو ژمارەیە لە راپرسییەکەی ساڵی 2020ـدا بۆ 81٪ زیادیکردووە.
بەپێچەوانەوە لە ساڵی 2016ـدا 22٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە، دەیانەوێت لە وڵاتێکدا بژین، کە بەپێی یاسای شەریعەت بەڕێوەبچێت، لەساڵی 2020ـدا ئەم ژمارەیە بۆ 17٪ دابەزیوە.
لە نێو بەشداربووانی راپرسییەکەدا، ژمارەی ئەوانەی کوردن و گوتوویانە ئایین بۆ ئەوان گرنگە، زیاترە لە ژمارەی ئەو تورکانەی هاوڕابوون.
هەروەها لە راپرسییەکاندا لێکۆڵینەوە لەسەر حیجاب کراوە و ژمارەی ئەو ژنانەی کە حیجاب و باڵاپۆشن لە ساڵی 2020 بە بەراورد بە ساڵی 2016 کەمیکردووە.
بەپێی ئەنجامی ئەو دوو راپرسییە، دەرکەوتووە کە تا ئاستی خوێندن بەرزتر دەبێت، کاریگەریی ئایین کەمتر دەبێت.
لە نێو بەشداربووان بەپێی تەمەن کاریگەریی ئایین لەو کەسانەدا لاوازتر دەرکەوتووە، کە تەمەنیان لە نێوان 18-24 ساڵدایە.
بەگوێرەی هەردوو راپرسییەکە بێت، لە تورکیا بیرۆکەی زۆرینەگەرایی زاڵە. لە ساڵی 2016ـدا 4٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە کەسانی تووندڕەوی ئایینی بوون و لە ساڵی 2020ـدا ئەو ژمارەیە بۆ 2٪ دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ