رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا شەڕ و تەقەی تێکەوت، بەهۆیەوە گەنجێک کوژرا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە شەوی پێنجشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2023 لە گەڕەکی کازم پاشا لە شارۆچکەی مەنەمەنی پارێزگای ئیزمیر روویدا.
بەپێی زانیارییەکان، کەسێك بە ناوی (مەتین س.) کە تەمەنی 18 ساڵە، داوای لە خاوەنی ئاهەنگەکە کردووە میوزیکەکە رابگرێت، بەڵام داواکەی قبووڵ نەکراوە. دواتر (مەتین س.) چووەتە ماڵەوە، دەمانچەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و هێرشی کردووەتە سەر بەشداربووانی ئاهەنگەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا هەشت کەس بریندار بوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران، بریندارەکان لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی مەنەمەن.
سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان، یەکێک لە بریندارەکان کە مێردمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵە بەناوی ئایتەکین ئەلکاڵمش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
(مەتین س.) کە لە دوای رووداوی تەقەکردنەکە هەڵاتبوو، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ