جەنگیز چاندار: ئەگەری دەستپێکردنەوەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە تورکیا هەیە

17-03-2024
هەوار ئیسماعیل
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد
نیشانەکردن جەنگیز چاندار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، کاری یەکەمی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە، نووسین و پەسندکردنی دەستوورێکی نوێ دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە کوردە. 
 
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئادار لە دووەم رۆژی (کۆنفرانسی ئاشتی و چارەسەری بۆ پرسی کورد) قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی پێیوایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کاری یەکەمی بریتی دەبێت لە نووسینی دەستوورێکی نوێ و هەوڵدان بۆ پەسندکردنی و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە کوردە. 
جەنگیز چاندار ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە مافی کورد و زمانی دایک بخرێنە نێو ئەو دەستوورەوە. 
 
رۆژی 16ی ئاداری 2017 (کۆنفرانسی ئاشتی و چارەسەری بۆ پرسی کورد) لە ئامەد دەستی بە کارەکانی کرد و ئەمڕۆش بەردەوام بوو. لە یەکەمین رۆژی کۆنفرانسەکەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە و سەلجووک مزراقلی، هاوسەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانیی ئامەد نامەیەکیان ئاراستەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کرد.
 
دەمیرتاش و مزراقلی پاڵپشتی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دیالۆگەوە دەربڕی. 
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان رۆژی 30-3-2024 بەڕێوەدەچێت و رکابەرایەتی تووندیش بۆ ئیستەنبووڵ لەنێوان موراد کوروم، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) و ئەکرەم ئیمامئۆغلو، بەربژێری جەهەپەدایە. 
 
دەقی گوتەکانی جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی:
 
"ئەردۆغان، ئەوەندەی شرۆڤەی بۆ بکەم و لە ساڵانی رابردوودا ناسیبێتم، پێم وایە چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات. لەگەڵ دەمیرتاش و مزراقڵی لەسەر ئەو پرسە دیدارم هەیە و لە زیندانی ئەدیرنە سەردانیان دەکەم. لەبارەی ئەردۆغان و حکومەت دوو بۆچوون هەیە. هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ بۆ ئەردۆغان، حکومەت و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگە. بۆ پارتەکەی ئێمە (دەم پارتی) و ئەردۆغان و ئۆپۆزیسیۆنیش هەڵبژاردن لە شارە کوردییەکان زۆر گرنگە. دەزانین لەو شارانەدا سەردەکەوین، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە تاوەکو چەند سەرکەوتوو دەبین. ئایا دەم پارتی لاواز دەبێت یان بەهێزتر دەبێت؟ بەهۆی ئەوەی لەو شوێنانە قەییووم هەیە. دووەمیان، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ چی دەبێت؟ ئەردۆغان سەیری ئەو دوو ئەنجامە دەکات، چونکە هێشتا چوار ساڵی ماوە لە دەسەڵات. لە هەمووی گرنگتر، با بینەرانیش لە بیریان نەچێت و هێڵێکی بەژێردا بێنن، ئەوەیە کە دوای هەڵبژاردن کارنامەی یەکەمی حکومەت دەستوور دەبێت؛ دەستوورێکی نوێ پێشنیاز دەکەن. پێویستە مافی کورد و پرسی زمانی دایک بخرێنە نێو ئەو دەستوورەوە. لەو کاتەدا پێویستە بۆچوونی دەم پارتی و بزووتنەوەی کوردی وەربگیرێت. هەموو ئەمانە ئەگەری زیندووکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەهێننە ئاراوە. هەر بۆیە لەم کاتەدا داوای چارەسەر دەکرێت".
 
ماوەیەکە لە تورکیا باس لەوە دەکرێت کە لەوانەیە جارێکی دیکە پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا دەست پێبکاتەوە.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.