لە ئیزمیر بەهۆی ئاگری دارستانەکانەوە دوو گوند چۆڵ کران

16-08-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچكەی کارشیاکا سەر بە پارێزگای ئیزمیری تورکیا کەوتووەتەوە و لە ئاواییەکان نزیک بووەتەوە، بەو هۆیەوە تائێستا دوو گوند چۆڵ کراون. سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بایراکڵیش داوا لە هاووڵاتییانی دانیشتووی ناوچەی دۆغانچای دەکات بە زووترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
 
ئاگرەکە درەنگی شەوی پێنجشەممە 15ی ئاب لە دارستانەکانی دەوروبەری چیای یامانڵار سەربە شارۆچکەی کارشیاکا کەوتووەتەوە و تەشەنەی سەندووە. خێرایی با کە گەیشتە 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا کێشەی بۆ تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە دروست کرد. دوو فڕۆکە، یەک هێلیکۆپتەر، چوار تانکەری ئاو و یەک ئۆتۆمبێلی دابینکردنی ئاو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە رەوانەی ناوچەکە کران.
 
بەهۆی نزیکبوونەوەی ئاگرەکە، گوندەکانی دۆغانچای و سانجاکڵی چۆڵ کران. لە ناوچەیەک سێ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، تیمەکانی پاڵپشتی رەوانەی ناوچەکە کراون.
 
عیرفان ئۆنال، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی بایراکڵی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، داوای لە هاووڵاتییانی دانیشتووی شناوچەی دۆغانچای کرد بە زووترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
 
ئۆناڵ لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "بەداخەوە ئاگرەکەی دەڤەری دۆغانچای بەهۆی کاریگەریی با گەیشتە شوێنی نیشتەجێبوون. ئێمە دەمانەوێت هاووڵاتییانمان کە لە ناوچەکەدا دەژین، بە زووترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. داواکارین هاووڵاتییان و سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەرکدا نین، لە ناوچەکە دوور بکەونەوە، بۆئەوەی سەرجەم تیمەکان بتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە."
 
سلێمان ئەلبان پارێزگاری ئیزمیر رایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەردەوامە.
 
پارێزگاری ئیزمیر رایشیگەیاند، ئەو ئاگرەی ئەمڕۆ، رۆژی سێشەممە 13ی ئاب کاژێر 21:43 خولەک لە دەورووبەری گوندی یامانڵار سەر بە قشارۆچکەی کارشیاکا کەوتەوە، کاژێر 19:15 خولەکی رۆژی چوارشەممە 14ی ئاب کۆنترۆڵ کرا، کاژێر 21:30 خولەکی رۆژی پێنجشەممە 15ی ئاب جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە. تیمەکانیان لە ئاسمان و زەوییەوە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.
 
ئەلبان گوتی، پێنج فڕۆکە، شەش هێلیکۆپتەر، 67 تانکەری ئاو، 47 ئۆتۆمبێلی ئاو و تانکەری ئاو، هەشت دۆزەر، 12 تۆما، تیمەکانی 112، تیمی پۆلیس، تیمی جەندرمە، 63 ئۆتۆمبێلی وشکانی، تیمی بەرگری شارستانی، 69 تیمی دۆلفین، 36 تیمی هاتووچۆ، 94 تیمی مەدەنی، یەک هەزار و 950 کارمەند و 642 کەس لە تیمەکانی بەرگری شارستانی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەشدارن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.