رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دەستەی کوالیتیی خوێندنی باڵای تورکیا، لە ماوەی سێ ساڵدا لە سەرتاسەری تورکیا 878 هەزار و 909 خوێندکار وازیان لە خوێندنی زانکۆ هیناوە. خراپیی دۆخی ئابووری و نادڵنیایی لە ئاییندە هۆکاری سەرەکیی ئەم وازهێنانانە بووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ئەم ساڵدا 987 هەزار خوێندکار مافی خوێندنیان لە زانکۆ بەدەستهێناوە و 20%ی ئەو خوێندکارانە ناویان لە زانکۆ تۆمار کردووە، بەڵام بەردەوام نەبوون.
دەستەی کوالیتی خوێندنی باڵای تورکیا رایگەیاندووە، بە هۆکاری جۆراوجۆر، کە دۆخی ئابووری سەرەکیترینیانە، لە ساڵی 2021دا 338 هەزار و 926 خوێندکار، لە ساڵی 2022دا 389 هەزار و 564 خوێندکار و لە ساڵی 2023دا 149 هەزار و 909 خوێندکار وازیان لە خوێندنی زانکۆ هێناوە.
داتاکە دەریخستووە لە ساڵی 2023دا تەنیا لە زانکۆی ئاتاتورک لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان 12 هەزار و 276 ناویان لە زانکۆ دەرچووە، بەڵام دەستیان بە خوێندنی زانکۆ نەکردووە.
لە ساڵی خوێندنی 2022 - 2023 کۆی گشتیی ژمارەی خوێندکارانی زانکۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا شەش ملیۆن و 950 هەزار و 142 خوێندکار بووە. شەش ملیۆن و 204 هەزار و 78 کەس لەو خوێندکارانە لە زانکۆکانی دەوڵەت و 735 هەزار و 433 ـیان کە زانکۆکانی سەر بە وەقفەکان و 10 هەزار و 631 خوێندکاریش لە قوتابخانە پیشەییەکانی وەقفەکاندا وەرگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ