رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بڕیاری دا ئەمڕۆ هەینی، 16ـی ئاب کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا. ئەگەر بڕیارەکەی دادگەی دەستووری سەبارەت بە ئاتاڵای خوێندرایەوە، دەبێت مافی پەرلەمانتارییەکەی کە لێی وەرگیراوەتەوە، بۆ بگەڕێندرێتەوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بڕیاری 13ـەمین دادگەی باڵا سەبارەت بە جان ئاتاڵای لە پەرلەمانی تورکیا خوێندرایەوە کە لەسەر دۆسیەی خۆپێشاندانەکانی پارکی گەزی سزای 18 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. بەپێی بڕیارەکە مافی پەرلەمانتاری لە جان ئاتاڵای وەرگیرایەوە، کە ئێستا لە زیندانی مەڕمەڕە لە سیلیڤری دەستبەسەرە.
پارێزەرەکانی لە دادگەی دەستووری تانەیان لە بڕیارەکە دا و داوای هەڵوەشاندنەوەیان کرد. دادگای دەستووری هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی جان ئاتاڵای لە پەرلەمان "نایاساییە."
دوای بڕیارەکەی دادگای دەستووری، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا لە 12ـی ئابدا رایگەیاند، رۆژی هەینی 16ـی ئاب لە کاژێر 14:00 ـدا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا لە بازنەی هاتای کۆدەبێتەوە. ئەگەر بڕیارەکەی دادگەی دەستووری لە دانیشتنەکەدا خوێندرایەوە، پێویستە پرۆسەی گەڕاندنەوەی مافی پەرلەمانتاری بۆ جان ئاتاڵای دەستپێبکاتەوە.
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمان ناکات و پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی تائێستا هەڵوێستی خۆی نیشان نەداوە، ئایا بەشداری لە دانیشتەکەدا دەکەن یان نا.
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا بەکر بۆزداغ، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی روها و بریکاری سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکات.
گۆکهان گونایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "پەرلەمان لەسەر داوای ئۆپۆزیسیۆن لە 16ـی ئاب کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی جان ئاتاڵای. هەرچەندە نۆرەی گولیزار بیچەر کاراجا پەرلەمانتاری جەهەپەیە کە لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرایەتی سەرۆکی پەرلەمان بکات، بەڵام بەپێی هەڵبژاردنەکەی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوە نائاساییەکاندا پەیڕەوی نوێنەرایەتی جێبەجێ ناکرێت و بڕیاردرا کە بەکر بۆزداغ سەرۆکایەتی دانیشتنەکە بکات".
جان ئاتاڵای لە 25ـی نیسانی 2022 لە دۆسیەی "خۆپێشاندانەکانی گەزی'دا بە تۆمەتی 'هاوکاریکردن لە هەوڵی لەنێوبردنی حکومەتی کۆماری تورکیا' بە 18 ساڵ زیندانی سزا درا. لە هەڵبژاردنی پەرلەماند لە 14ـی ئایاری پارساڵ لە کاتێکدا لە زیندان بوو لەلایەن پارتەکەیەوە بەربژێر کرا و لە بازنەی هاتای بە پەرلەمانتاری پارتی کرێکاری تورکیا هەڵبژێردرا.
دوای هەڵبژاردنی، پارێزەرانی جان ئاتاڵای داواکارییان پێشکێشکرد و داوایانکرد ئاتاڵای کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، ئازاد بکرێت و سوێندی یاسایی بخوات. جان ئاتاڵای ئێستا لە زیندانی سیلیڤری دەستبەسەرە و مافی پەرلەمانتاریەتیی لێسەندراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ