رووداو دیجیتاڵ
سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە و 108 ئەندام و بەرپرسانی هەدەپە دادگایی دەکرێن، کە 18 کەسیان ئێستا لە زینداندان.
دانیشتنەکە کاژێر 10:00 ـی بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 16ـی ئایار) لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکان لە زیندانی سینجان لە ئەنقەرە دەستپێدەکات. بەگوێرەی زانیارییەکان چاوەڕوان ناکرێ دەمیرتاش و سیاسەتڤانە دەستبەسەرکراوەکانی دیکە ئامادەی بن. چاوەکان لەسەر ئەوەن دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکە بدات.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەو پارتە، شاندێكی باڵای پەرلەمانتارانی جەهەپە، ژمارەیەکی زۆر پارێزەر، سیاسەتڤان، نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان، رۆژنامەڤانان بۆ بەدواداچوونی دانیشتنەکە ئەمڕۆ لە سینجان دەبن.
بەرلە دەستپێکردنی دانیشتنەکە، چاوەڕوان دەکرێت هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبەردەم زیندانی سینجان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بکات.
لەو تۆمەتەدا، کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە ئامادەکراوە، ئاماژە بەوەدراوە لە رووداوەکانی کۆبانێ 37 کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو هەزار و 676 کەسیش بوونەتە قوربانی، بەو هۆیەوە بە تاوانی جۆراوجۆر داوای 38 سزای زیندانی هەتاهەتایی قورس و 19 هەزار و 680 ساڵ زیندانی بۆ ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپە کراوە.
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازیی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ـی نیسانی 2021 لە 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ